کاکەمین نەجار: پارتی براوەی یەکەم دەبێت

هەولێر-KDP.info - ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت، "بەپێی ئەنجامە بەراییەکان پارتی لە پێشەوەی هەموو حزبەکانەوەیە لە هەولێر و باوەڕیشمان وایە کە پارتی دەنگێکی باش بە دەست دەهێنێ."
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کاکەمین نەجار لە لێدوانێکدا بۆKDP.infoگوتی: "سەرەتا پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی کوردستان دەکەم بە بۆنەی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی ئەمڕۆ لە دۆخێکی ئارامدا بەرێوە چوو و، خەڵک ئازادانە و دیموکراسیانە توانی دەنگی خۆی بدات، ئەوەی مایەی خۆشحاڵیی ئێمە بوو رێکخروەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چاودێرانی بیانی کە ئامادە بوون و چاودێرییان دەکرد زۆر رازی بوون لە شێوازی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکە."
دەربارەی ئەنجامە سەرتاییەکانی دەنگدانیش گوتی: "بێشک پارتی براوەی یەکەمە، بەپێی ئەوە ئەرقامە سەرەتاییانەی کە بە دەستمان کەوتووە ناکرێ قەراری لەسەر بدەین، چونکە دەبێ کۆمسیۆن رایبگەیەنێت، بەڵام ئەوانەی کە لە بریکارەکانی خۆمانەوە بە دەستمان دەگەن، پارتی لە پێشەوەی هەموو حزبەکانە لە هەولێر، باوەریشمان وایە کە پارتی ئەم جارە دەنگێکی باش بە دەست دەهێنێ."




