لە سلێمانی و كەركووك تەقە لە بارەگای زاگرۆس تیڤی كرا...پەیامنێرێكی كەناڵەكەش بریندارە

سلێمانی-KDP.info/ تەقە لە نووسینگەی كەناڵی زاگرۆس لە سلێمانی و كەركووك كرا و هێشتا ناسنامەی تەقەكەرەكان دیار نییە. هەروەها تەقە لە پەیامنێری كەناڵی زاگرۆس كراوە و بە هۆیەوە بە سەختی بریندار بووە.
بەرپرسی تەلەڤزیۆنی زاگرۆس – سلێمانی، ئامانج عەبدوڵڵا سوور، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "سەعات 11:50 خولەكی شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی كارێزەوشكی شاری سلێمانی، چەند كەسێكی نەناسراو تەقەیان لە بینای نووسینگەی سلێمانیی كەناڵی ئاسمانیی زاگرۆس و كەناڵی ناوخۆیی سلێمانی و ڕادێوی دەنگی كوردستان لە سلێمانی كرد، تەقەكەران لە ئۆتۆمبێلێكی جۆری "دۆجی چارجەری" ڕەنگ ڕەشدا بوون و بەپێی پاشماوەی فیشەكە جێماوەكان بە كڵاشینكۆف و دەمانچە تەقەكانیان كردووە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە، چونكە لەو كاتەدا جگە لە پاسەوان، كارمەندەكان لە دەرەوەی بیناكە نەبوون و تەنیا زیانی ماددی بەر چەند ئۆتۆمبێلێك كەوتووە، پاش ڕووداوەكەش لایەنە پەیوەندیدارەكانمان لە ڕووداوەكە ئاگادار كردەوە و داوای یاساییشمان تۆمار كردووە".
لە لایەكی دیكەوە، سەرچاوەیەكی ئەمنی لە شاری كەركووك ئاشكرای كرد، تەقە لە پەیامنێری كەناڵی زاگرۆس كراوە و بریندار بووە. ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بەkdp.infoـی راگەیاند: لە كاتی ڕووماڵكردنی پرۆسەی دەنگدانی گشتیدا، تەقە لە پەیامنێرێكی كەناڵی زاگرۆس کراوە بە ناوی هۆشەنگ یاسین، لە ئاكامدا بە سەختی بریندار بوو و رەوانەی نەخۆشخانە كرا. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "گولـلەیەك بەر سینگی ئەو رۆژنامەنووسە كەوتووە و لە ئێستادا چارەسەری پێویستی بۆ كراوە."
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، هۆكاری تەقەكردنیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لایەنێك ساختەكاری ئەنجام دەدا و ئەو رۆژنامەنووسەش وێنەی دەگرت، بۆیە تەقەی لێ كرا و بریندار كراوە.
ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەو كەسەی تەقەی لەو رۆژنامەنووسە كردووە، لەئێستادا لە بنكە پۆلیسی ئازادی دەستبەسەر كراوە. لای خۆشیەوە بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك محەممەد كەمال، بۆ kdp.infoڕایگەیاند: ئێمە بە توندی ئەمە رەت دەكەینەوە و داوا دەكەین لەو شوێنانەی ساختەكاری كراوە، دەنگەكان هەژمار نەكرێن. گوتیشی: "ئەو رۆژنامەنووسە هەوڵی داوە ئەوانەی ساختەكاری لە گەڕەكی شۆریجە ئەنجام دەدەن، بە مۆبایل وێنەی بگرێت، بەڵام تەقەیان لێ كردووە و بە سەختی بریندار كراوە".
مەریوان شەریف_ بڵند ئیبراهیم




