٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هاشمی: مالیكی ئاگای لە دزەكردنی تیرۆریستان بووە

سەرچاوە: Rudaw

جێگری سەرۆك كۆماری عێراق داوا دەكات لێپرسینەوە لەگەڵ نوری مالیكی بكرێت چونكە زانیاری ئەمنی دەربارەی گرووپە تیرۆریستییەكان شاردووەتەوە كە لەرێگەی سنووری سووریا- عێراق دزەیان كردووە و خۆێنی هاوڵاتی عێراقیان رشتووە.

تارق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند: كە چاوی بە باڵیۆزی پێشووی سووریا لە عێراق  كەوتووە و گوتی: دەربارەی تیرۆرستانەوە، زۆر زانیاری ترسناكی بۆ ئاشكرا كردم، ئەوانەی لە رێی سنوورەكانی سووریا- عێراقەوە دەهاتنە خاكی عێراقەوە، رژێمی ئەسەد ئاسانكاری بۆ دەكردن.

جێگری سەرۆك كۆماری عێراق گوتیشی نەواف ئەلفارس، باڵیۆزی پێشووی سووریا لە عێراق، پێی راگەیاندم: حكومەتی سووریا ئاگاداریان كردووەتەوە كە ئاسانكاری بكرێت لە هاتنە ناوەوەی گرووپە تیرۆریستییەكان و رێوشوێنی پێویستیان بۆ بگرێتە بەر، تیرۆریستانیش بریتی بوون لە هاوڵاتیانی عەرەب كە لەچەند وڵاتێكەوە هاتبوون، جگە لە لەوانەی كە خۆیان لەلای رژێمی سووریا كاریان دەكرد.

نەواف شێخ فارس باڵیۆزی پێشووی سووریا بوو لە عێراق، لە رژێمی ئەسەد جیا بوویەوە و لەسەر داوای سووریا، حكومەتی عێراق بەشوێنی دەگەڕا تاوەكو دەستبەسەری بكات، بەڵام لەرێگەی یەكێك لەسنوورەكانەوە عێراقی جێهێشت و ئێستا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر نیشتەجێیە.

تارق هاشمی راشیگەیاند: باڵیۆزەكەی سووریا ئاگاداری كردمەوە، تەواوی زانیارییەكان لەسەر ئەو گروپە تیرۆریستیانە كە لە سووریاوە دزەیان كردووەتە خاكی عێراق لەلای نووری مالیكی هەبوو، تەنانەت ناو و وێنەكانیشیانی دەزانی، بەڵام هیچ رێگریەكی نەكرد و هەڵوێستیشی لەگەڵ سووریا نەنواند.

تارق هاشمی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق، دوای ئەوەی بەتۆمەتی تێوەگلان لە كاری تیرۆرییەوە بانگێشتی دادگا كرا و مالیكی دەستبەسەرگرتنی دا، بەغدای جێهێشت و ماوەیەك لەهەولێر پاشان لەسلێمانی مایەوە، دواتر چوو بۆ توركیا و ئێستا لەوێ نیشتەجێیە. بۆ چاوپێكەوتنی باڵیۆزی پێشووی سووریا لە عێراق، چەند رۆژێكە بەسەردان چووەتە دەوحەی پایتەختی قەتەر.

هاشمی دەربارەی زانیارییەكی گرنگ لەسەر تیرۆریستان كە نوری مالیكی شاردوویەتییەوە لە ساڵی 2008، گوتی ساڵی 2008 هێزەكانی ئەمریكا و عێراق لەدوای چەند زانیارییەكی هەواڵگری، توانیان گرووپێكی تیرۆریستی لە ناوچەی بوكەمال دەستگیر بكەن كە تازە لەسنوورەكانی سووریاوە هاتبوونە عێراق، هەنێكیشیان هاوڵاتی سووری بوون و دواتر دەركەوت رژێمی ئەسەد لە ئاسانكاری بۆیان تێوەگلاوە. تەواوی ئەو فایلە درایە دەست نوری مالیكی، بەوپێیەی ئەو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە، تاوەكو لێكۆڵینەوەی لەسەر بكات، بەڵام هیچ زانیاریەكی لەسەر ئەو بابەتە ئاشكرا نەكرد و بێدەنگی لێ كرا.

هاشمی لەدرێژەی گفتوگۆكەی لەگەڵ باڵیۆزی پێشووی سووریا، گوتی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ناو و وێنەی تیرۆریستەكانمان بەدەستگەیشت، كە هەندێكیان سووری و ئەوانی دی لە وڵاتانی عەرەبی هاتبوون و تەواویان لەرێگەی سنووری سووریاوە گەشتبوونە خاكی عێراق، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو، حكومەتی عێراق هیچ هەڵوێستێكی نەنواند، چونكە بەلایەنی كەمەوە چاوەڕێمان دەكرد سنوورەكان دابخرێن.

باڵیۆزە سووریەكە زیاتر بە هاشمی گوت ساڵی 2010 دووای هەڵبژاردنەكانی عێراق كە لیستەكەی عەلای سەركەوتنی بەدەست هێنا، بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا پشتیوانی لێ دەكرد، بەڵام لەماوەی 24 كاژێر هەڵوێستەكان گۆڕان و ئەسەد پشتیوانی لە نوری مالیكی كرد، رەنگە بێدەنگ بوونی مالیكی بۆ ئەو كوشتارەی ئێستای رژێمەكەی ئەسەد دەیكات، پێدانەوەی ئەو قەرزەی پێشوو بێت.

باڵوێزەكە گوتیشی حكومەتی عێراق گرێبەستی نەوتی نهێنی لەگەڵ رامی مەخلوف، خاڵۆزای بەشار ئەسەد ئیمزا كردوە، دواتر بە بڕیارێكی تایبەتی بەشار ئەسەد داوامان لێكرا پشتیوانی نوری مالیكی بكەین.
 

هەواڵی پەیوەندیدار