دیندار زێباری: یوئێن و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەکەن
__2014_04_29_h23m56s22__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەکان راگەیاند، نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، سبەی چوارشەممە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
بڕیارە سبەینێ رۆژی چوار شەممە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكات و بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق زیاتر لە 9000 كاندید لە 267 كیانی سیاسی ركابەرایەتی لەسەر 328 كورسیی پەرلەمانی دەكەن، هەروەها 700 كاندید لە 18 كیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ركابەرایەتی لەسەر 90 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەن.
جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەکان،د.دیندار زێباری دووپاتی كردەوە كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەستە دیپلۆماسییەكان و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی لە هەرێم چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەن، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان جگە لە چاودێریکردنی پرۆسەكە، هاوكاریی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش دەكات بەتایبەتی لە بواری تەكنیكی و پێشكەشكردنی شارەزایی.
جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئەوەشی راگەیاند "بە سەدان لە دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەوانی جیهانی لەگەڵ 1200 چاودێری نێودەوڵەتی چاودێری ئەم پرۆسەیە دەكەن."
هەروەها گوتی "ئێمە هەماهەنگی لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بواری چونیەتیی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و دابینكردنی دۆخێکی ئارام و ئازاد بۆ دەنگدەر هەیە و حكوومەتی هەرێم هەموو ئاسانكارییەكی پێشكەش كردووە بە مەبەستی بە ئازادانە بەرێوەچوونی ئەم پرۆسەیە."
زێباری جەختی كردەوە كە داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنە نێودەوڵەتییەكانی تر كراوە كە جگە لەئامادەبوونیان و رۆڵێكی باشیشی هەبێت لە چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، "هەروەها لەهەمان كاتدا داوامان لە نەتەوە یەكگرتووەكان و لایەنە نێودەوڵەتییەكانی تر كردووە موتابعەی پرۆسەكە بكەن و هاوكار بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و لەكاتی هەبوونی هەر تێبینیەكیان پێویستە تۆمار بكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆمیسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان چارەسەر بكرێت."
زێباری گۆتیشی "ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد ئەنجام بدرێت و كار دەكەین لەپێناو سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و هەبوون و چاودێركردنی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوەكان و میدیای جیهانی شەرعیەتی زیاتر بەم هەڵبژاردنانە دەدات و سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەش سەركەوتنی عیراق و هەرێمی كوردستانە."




