کوردستانیان خۆشحاڵن کە یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم ڕادەسپێردرێت

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ کوردستانیان خۆشحاڵن بەوەی ھەفتەی داھاتوو کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی رادەگەیەندرێت و دەڵێن، ئومێدێکی زۆر گەورەیان بە نێچیرڤان بارزانی ھەیە، تا بە باشترین شێوە خزمەتیان بکات و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
ھەڤاڵ محەممەدی فەرمانبەر بۆ kdp.info گوتی: ماوەیەکی زۆرە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ حکوومەتی نوێ پێک نەھاتبوو، بەڵام ھۆکاری دواکەوتنەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە پەرۆش بووە، بۆئەوەی حکوومەتی ئەمجارە حکوومەتێکی بنکەفراوان بێت و سەرجەم لایەنەکان تێیدا بەشدار بن، سەرەڕای ئەوەی ھەندێک لایەن بەربەستیان دروست دەکرد، دواجار سەرکەوتوو بوو، لە ھەوڵەکەی ئەمڕۆیش بینیمان پەرلەمان کۆ بووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش ھەلبژێردرا.
ئەو ھاووڵاتییە زیاتر گوتی: ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیی ئێمەیە ئەوەیە کە ھەفتەی داھاتوو کابینەی نوێی حکوومەت رادەگەیەندرێت و نێچیرڤان بارزانییس سەرۆکایەتی دەکات کە ئەزموونێکی باشی ھەیە و کارەجوانەکانیشی بەڵگەن بۆ ئێمە.
ھاووڵاتیەکی دیکە بە ناوی ھێرش خەلیل کە قوتابیی زانکۆیە دەڵێت: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ھەفتەی داھاتوو کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی رادەگەیەندرێت، چونکە خاوەن ئەزموونە و شارەزایێکی باشی ھەیە لە بەرێوەبردنی حکوومەتدا، لەبەر ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەندین ھەنگاوی گرینگی ناوە بۆ پێشخستنی ھەرێمی کوردستان، لەوانەش راکێشانی بۆریێکی نەوت بۆ تورکیا و ھەوڵدان بۆ سەربەخۆیی ئابووریی ھەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی.
ھاووڵاتی فاخیر مەجید حەمەدەمینیش رایگەیاند: من وەکو ھاووڵاتییەکی شاری ھەولێر متمانەی تەواوم بە کاک نێچیرڤان بارزانی ھەیە کە بڕیارە ھەفتەی داھاتوو بە سەرۆکایەتی جەنابیان کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رابگەیەندرێت، چونکە بە راستی لە ماوەی کابینەکانی پێشوودا بە جۆرێک کاری کردووە دوور لە ئینتیمای حیزبی و بە بێ جیاوازی خزمەتی ھەموو لایەکی کردووە، بۆیە ئەم جارەش دڵنیاین کە بە شێوەیەکی باشتر ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات، چونکە کەسێکی لێھاتوو و بەئەزموونە.
ھاووڵاتی وشیار قادر پێیوایە، "ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە کۆمەڵێک قەیراندا تێدەپەڕێت لەگەڵ بەغدا، بۆیە بە رای من تاکە کەس کە بتوانێ ئەو قەیرانانە چارەسەر بکات لەگەڵ بەغدا کە لە بەرژوەندیی کورددا بێت نێچیرڤان بارزانییە، بۆیە دڵخۆشم کە دەبینم ھەفتەی داھاتوو کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی رادەگەیەندرێت.
شیاوی باسە ئەمڕۆ دووشەممە و پاش هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بە فەرمیی بۆ یەکەم دانیشتنی ئاسایی چوارەم خولی هەڵبژاردنەکان پەرلەمانتارانی بانگهێشتی کۆبوونەوە کرد کە یەکشەممەی دادێت بەڕێوە دەچێت و بەرنامەی کاریشی ناونان و ڕاسپاردنی نێچیرڤان بارزانییە بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم




