٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان: پارتی پشتیوانی كار و بەرنامەکانتانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا و بە شێوەی دەنگدانی نهێنی، بە تۆمارێكی نوێی سەركەوتنی دیموكراسی و پێشكەوتن و دروستیی ژیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا ناو دەبات. هاوکات پشتگیریی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمان دووپات دەكاتەوە كە لە خولی نوێدا پشتیوانی كار و بەرنامە و چالاكییەكانیان دەبن بۆ یاسادانان و چاودێری و بەدواداچوونی كارەكانی حكوومەتی هەرێم.

 

دەقی ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان:

بەبۆنەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانەوە، پیرۆزبایی گەرم لە گەلی كوردستان و پەرلەمانتارانی هێژا بە گشتی و بە تایبەتیش پیرۆزبایی لە بەڕێزان (یوسف محەممەد صادق – سەرۆكی پەرلەمان) و (جەعفەر ئیبراهیم ئیمنكی- جیگری سەرۆكی پەرلەمان) و (فەخرەدین قادر – سكرتێری پەرلەمان) دەكەین و پشتگیریی پارتی دیموكراتی كوردستانیان بۆ دووپات دەكەینەوە كە لە خولی نوێدا پشتیوانی كار و بەرنامە و چالاكییەكانیان دەبین بۆ یاسادانان و چاودێری و بەدواداچوونی كارەكانی حكوومەتی هەرێم.

هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا و بە شێوەی دەنگدانی نهێنی، تۆمارێكی نوێی سەركەوتنی دیموكراسی و پێشكەوتن و دروستیی ژیانی سیاسییە لە هەرێمی كوردستاندا و درێژەپێدەری ئەو كاروانە گەشەكردووەیە كە لە ساڵی 1992-ەوە لەم هەرێمدا و لەبەردەم سەدان تەحدییاتی گەورەی ناوخۆیی و عێراقی و ئیقلیمی و چەندین كۆسپ، رێگەی بڕیوە و بەردەوام رووی لە هەڵكشان بووە.

ئومێدەوارین خولی ئەمجارەی پەرلەمان ئیزافەیەكی نوێی تەبایی و پێكەوەكاركردن بخاتە سەر ئەم باڵاخانە پڕئەزموونەی هەرێمی كوردستان و زیاتر بەرەو پێشەوەی ببات و پەرلەمانتارانی بەڕێز و دەستەی سەرۆكایەتی لە كەشێكی دروست و دیموكراسیدا بە شێوەیەكی كارا نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان بكەن و بە تەنگ داخوازییەكانیانەوە بچن و دریغی نەكەن لە كارەكانیان و هەمیشە بەرژەوەندییەكانی وڵات و هاووڵاتیان بخەنە سەروو هەر بەرژەوەندییەكی دیكەوە و لە رێی پەسەندكردنی یاساكان و چاودێریی راستەقینەوە هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بكەن و رێگەی كاركردنی بۆ ئاسان بكەن.

دووبارە پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەكەین و پشتیوانیی خۆمانتان بۆ دووپات دەكەینەوە.

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

29/4/2014

هەواڵی پەیوەندیدار