٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عارف قوربانی: ئیدارەی كەركووك شكۆ بۆ پێگەی هێزەكانی كورد دانانێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  عارف قوربانی نووسەر و میدیاكاری ناسراوی هەرێمی كوردستان، رای دەگەیەنێت كه‌ هاتنی هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بۆ كەركووك عەیبێكی گەورەیە بۆ سەنگ و شكۆی دەزگاكانی تەناهی و ئاسایشی كورد لەو شارە و هەق وایە خۆیان ئامادە نەبن لە كەركووك دەوام بكەن، چونكە دەركەوت ئەو هێزە كوردییانە لای ئیدارەی كەركووك هیچ شكۆیەكیان نییە و لە رۆژە پێویستەكاندا پەنا بۆ هێزی تر دەبەن. 

لەبارەی هاتنە ناوەوەی سوپای عێراق بۆ كەركووك لە رۆژانی رابردوودا، عارف قوربانی بە ماڵپەڕی "وشە"ی راگەیاندووە "لە دوای 2003-وە ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە لە ناوچەكانی كەركووك تا زنجیرە چیای حەمرین جێگیر كراون و هەردوو ئاسایشی ئیدارەی هەولێر و سلێمانی ئەوكات لە كەركووك هەن كە نزیكەی 10 هەزار چەكدار دەبن، هاوكات هەبوونی هێزی تری بەرگری و فریاكەوتن و پۆلیس كە سەربە هەرێمی كوردستانن سەنگێكی گەورەی سەربازییە لە كەركووك، ئیتر چی پێویست بە سوپای عێراق دەكات؟".

قوربانی كە هەمیشە بۆچوونەوەكانی لە رووی نەتەوەییەوە ئاراستە دەكات، ئەوەشی گوت "پێشتر راگەیاندنەكانی یەكێتی زۆر پڕوپاگەندەی ئەوەیان كرد گوایە پارێزگاری كەركووك توانیویەتی شەرعییەت بداتە ئەو دەزگا تەناهییانەی یەكێتی و پارتی لە كەركووك كە ئێستە دەزگای فەرمین، بۆیە لێرەوە هاتنە ناوەوەی سوپای عێراق بە كارێكی خراپ دەزانم، مادام ئەوانە دەزگای فەرمین چ پێویستی بەوەیە فیرقەی 12یان ئۆپەراسیۆنی دیجلە بێنە ناو كەركووك؟".

عارف قوربانی پێی وایە روودانی چەند حاڵەتێك لە رابردوودا لە كەركووك مایەی شەرمەزارییە بۆ دەزگاكانی تەناهی و دەڵێ "دوو تیرۆریست لە بینای جەواهیر مۆڵ بوون و بەو هەموو هێزەی كەركووك كە ژمارەیان 10 هەزار چەكدار زیاترە، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیان بەوە بوو لە سلێمانییەوە هێزیان بۆ بچێت، ئێستەش لەو هەموو هێزەی كەركووك كە بەشی زۆری پلەدارەكانی كوردن، كورد پێویستی بەوەیە ئۆپەراسیۆنی دیجلە بێنێتە ناو كەركووكەوە؟، ئیتر بۆچی پڕوپاگەندەی ئەوە دەكەن كە توانیویانە هێزی تەناهیی جێگیر بكەن.

"هاتنە ناوەوەی سوپای عێراق‌ بۆ سەنگ و شكۆی دەزگا ئاسایشەكانی كورد لە كەركووك عەیبێكی گەورەیە و هەق وایە هێزە كوردییەكان خۆیان ئامادە نەبن لە كەركووك دەوام بكەن و داوای گواستنەوە بۆ شوێنەكانی تر بكەن، چونكە دەركەوت ئەو هێزە كوردییانە لای ئیدارەی كەركووك هیچ شكۆیەكیان نییە و لە رۆژە پێویستەكاندا پەنا بۆ هێزی تر دەبەن، یان ئەوەتا لە سلێمانییەوە هێزیان بۆ دێت یان هێز لە بەغدا‌وە، ئەی ئەوان بوونیان چییە لەو شارە و هەقی وایە خۆیان قبووڵی نەكەن" قوربانی وای گوت.

ئەو نووسەرە ناسراوە كە پێشتر لەسەر وتارێك لەبارەی سەردانی نووری مالیكی بۆ كەركووك لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سەركۆنە كرا، رۆڵی هێزەكانی تەناهیی كورد لە كەركووك بە گرنگ وەسف دەكات و دەڵێت "من ئەوەندەی لە نزیكەوە دەیانناسم دەزگا تەناهییەكانی كورد خەڵكی زۆر تێكۆشەر و ئازان، رۆڵی زۆر گەورەشیان هەبووە لە پاراستنی كەركووك لەو 10 ساڵەی رابردوو و چەندین شەهید و قوربانییان بەخشیوە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی كەركووك، ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئیدارەی كەركووك شكۆ بۆ پێگەی ئەو هێزانە دانانێ، بۆیە دەچێ فیرقەی 12 و ئۆپەراسیۆنی دیجلە دێنێتە ناوشار".

قوربانی لە بەردەوامی لێدوانەكەیدا بۆ "وشە" گوتی "سەرەتا لە یەكێتییەكانەوە دەست پێ دەكەم كە خۆم یەكێتیم، هەقە دەزگاكانی تەناهیی سەربە یەكێتی لە كەركووك پێش هەر كەسێكی تر ناڕازی بن بەوەی شكۆیان بۆ دانانێن و رێزیان لێ ناگرن".

عارف قوربانی بە پێویستی دەزانێ ئەگەر دوای هەڵبژاردن ئەو هێزانە نەكشانەوە، كورد پێشمەرگە ببات بۆ رزگاركردنی كەركووك و ئاماژەی دا "ئێستە سەروبەندی هەڵبژاردنە رەنگە هەندێك شت قورس بێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن ئەگەر سوپای عێراق نەكشایەوە و دوور نەخرایەوە لە كەركووك، هیوادارم كورد بیر لەوە بكاتەوە هێزی پێشمەرگە ببات بۆ رزگاركردنی كەركووك".

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار