یڵدز: "مانگی ئایار نەوتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێ"

هەولێر-KDP.info-AA- وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، مانگی ئایار فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە تورکیا ئەنبار کراوە دەست پێ دەکات.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئۆسلۆ گوتی: "لە ئێستادا ھەناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بەردەوامە و دوو رۆژە، رۆژانە 100 ھەزار بەرمیل نەوت ڕوانەی تورکیا دەکرێ. نەوت نەوتی عێراقە جا جیاوازی نییە ھیی باشوور، باکوور، رۆژھەڵات یا رۆژئاوای عێراق بێ، ھەناردنی ئەو نەوتە بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی عێراق و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو وڵاتە رۆڵێکی گرینگی ھەیە، ھەمیشە گوتوومانە و دووبارەی دەکەمەوە کە ئەو نەوتە نەوتی عێراقە و مانگی ئایار دەست بە رەوانەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیھان دەکرێ."
یڵدز درێژەی بە قسەکانیدا و گوتی: "ئاواتەخوازم ھەڵبژاردنی 30-ی نیسان بۆ عێراق ببێتە فاکتەرێکی گرینگ بۆ ئاشتی و ئارامی، تورکیا ھیچ کات لە بەرامبەر پڕۆژەکانی کەرتی وزە لە عێراق بێھەڵوێست نابێ و رووداو و پێشھاتەکانی ئەم دواییەش بەشێکن لەو راستییە. ھەرێمی کوردستان مانگی مایس دەست بە فرۆشتنی نەوت دەکا و تورکیا مشتەری ئەو نەوتە نییە، چونکە کۆمپانیای توپڕاش لەو بوارەدا رێککەوتنی ئیمزا کردووە، دەکرێ لەو بوارەدا گفتوگۆ لەگەڵ کەرتی تایبەت بکرێ. بەڵام لە ئێستادا ھیچ بەرنامەیەکی دەوڵەتی تورکیا بۆ کڕینی نەوتی ھەرێمی کوردستان نییە، وەکو ھەمیشە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پێشنیارەکانی خۆیان ئاراستە دەکەن و ئەگەر قبوڵ بکرێن ئەوا بازرگانی نێوانیان دەست پێدەکات."
یڵدز لە بارەی نرخی نەوتی ھەرێمی کوردستان جەختی کردەوە نەوت لە سەرانسەری جیھان نرخێکی دیاریکراوی ھەیە، لە زۆربەی ناوچەکاندا ئەو نرخە یەکسانە، کۆمپانیای توپڕاش کۆمپانیایەکی زۆر گرینگی کڕین و فرۆشتنی نەوتە لە تورکیا، بۆیە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە کوردستان گفتوگۆ دەکات و نرخی خوازراو پێشکەش دەکا، تورکیا تائێستا لەبارەی نرخی نەوتەوە ھیچ پێشنیازێکی ئاراستە نەکردووە، کۆمپانیای سۆمۆی عێراق، سەرقاڵی ھەناردنی حەوت ملیۆن تەنە، رێژەکە زۆر بەرز بووەتەوە و ئەمڕۆ گەورەترین دابینکەری نەوت بەغدایە، لە چوار ملیۆن تەنەوە دەستیپێکرد و ئەمڕۆ عێراق لەو بوارەدا تا رادەیەکی بەرچاو توانیویەتی جێگای ئێران بگرێتەوە."
یڵدز ئاماژەی دا "رێژەی ئەو نەوتەی لە بەندەری جەیھان لە نێو خەزانەکاندایە، زیاتر لە 1.5 ملیۆن بەرمیلە، دەتوانرێ 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە تانکەرەکانی بەندەری جەیھاندا ھەڵبگیردرێ، بۆیە ئەگەر نەوت دەربھێنرێ و ھەناردە بکرێ ئەوا ئێمەیش روانەی بازاڕەکانی جیھانی دەکەین."
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز لە کۆنگرە رۆژنامەوانیئەکەدا هاوکات گوتی: "چەندین دیدار و کۆبوونەوە لە نۆروێژ ئەنجام دەدات و لەبارەی دابینکردنی غازی پێویست بۆ وڵاتانی ئەورووپایش کە بە ھۆی کێشەی ئۆکرایناوە تووشی قەیران بووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا گفتوگۆ دەکەن.




