یەکشەممەی داهاتوو، نێچیرڤان بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم ڕادەسپێردرێت
__2014_04_29_h18m42s6__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، یووسف محەممەد سادق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە نیگەرانن لەوەی ماوەیەکی زۆر لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دواکەوتوون. گوتیشی، یەکشەممەی داهاتوو پرۆسەی ناونانی حکوومەت و ڕاسپاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم ساز دەدرێت.
یووسف محەممەد گوتییشی، "دەسستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاری دا بە سازدانی پرۆسەی ناونانی حکوومەت و ڕاسپاردنی کاندید بۆ سەرکی حکوومەت"، گوتیشی "دانیشتنی پەرلەمان یاسایی بوو چونکە زۆرینەی پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتن بوون."
بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکان کابینەی هەشتەم لە لایەن کاندیدی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم نێچیرڤان بارزانی دەبێت و بە گوتەی سەرۆکی پەرلەمانیش یەکشەممە بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا کە ئەمڕۆ بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ساز درا سەرۆکی پەرلەمانی کوردسساتن هاوکات گوتی، سەرباری ئەوەی کە دەبووایە زووتر بێت "بەڵام هەموو لایەک مەبەستمان بوو دەستەی سەرۆکایەتی سەنگی زیاتری هەبێت." هاوکات گوتی "هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا بەرەوپێشچوونی جیددی بێتە ئاراوە و ئەو یاسایانە دابڕێژین کە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە هاووڵاتیانەوە هەیە."
دەربارەی ئەولەویەتی کارەکانی پەرلەمان دەڵێت "لە ڕووی چاودێرییەوە پەرلەمان دەبێت ببێتە هاوئاستی دەستەڵاتەکانی دی و هێچ پرسیارێک نابێت بێ وەڵام بمێننەوە و، دەبێ دەستەکانی دیوانی چاودێریی دارارییی هەرێم کارا بکرێت. هەروەها دەستەی نەزاهەیش دەشێت هاوکارمان بێن بۆ ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەین."
دەربارەی دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمانیش گوتی "لەمەودوا کار دەکەین بۆ گوازتنەوەی دانیشتنەکان و هەروەها کار و گفتوگۆی لیژنەکانیش ڕاستەوخٶ بگوازرێنەوە."
هەروەها دەڵێت "چاوەڕیکردنی سازان هۆکار بووە بۆ ئەوەی کە نەمانتوانیبێت کۆ ببینەوە تا ئەمڕۆ دستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرین." زیاتر گوتی "ئێمە پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان و یاساکارپێکراوەکانی وەک خۆی و بە بێلایەنی کار دەکەین."
لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەعفەر ئیبراهیم ئیمنکی، ڕایگەیاند "پەرلەمان توانی بیسەلمێنێت کە پرۆسەی دیموکراتی دورودرێژە و بەردەوامیش دەبێت و دەبێ ئەو ئەرکە قورسەی بەردەممان کە خزمەتی کوردستانیانە بە جێ بێنین."
زیاتر گوتی "لەمڕۆیشەوە هەوڵ دەدەین بە توافوق کارەکانمان کە خزمەتکردنە ئەنجام بدەین و پاش پێکهێنانی لیژنەکانیش کارمان بۆ ڕاسپاردنی کاندید بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت دەبێت."
ئیمنکی دەربارەی بەشداری و سەرنجەکانی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمان گوتی، "چاوەڕوانین برادەرانی یەکێتی خۆیان یەکلا بکەنەوە لە بەشداری لە حکوومەت و دەخوازین بەشدار بن"، گوتیشی "هەڵوێستەکانی پارتی پێشتر و ئێستایش لەگەڵ تەوافوقە، ئومێدیش دەکەین لە ڕۆژانی داهاتوودا یەکێتی لە حکوومەتدا بەشدار بێت."
زیاتر ڕوونی کردەوە "پێشتر هەڤاڵانی یەکێتی لە هەمووان بەپەلەتر بوون کە دانیشتن ساز بدرێت و ئەمڕۆیش گلەیی پەلەکردن لە سازدانی دەکەن."
ئەو هەروەها دەڵێت "جەنابی سەرۆک بارزانی پێشتر بەڵێنی دابوو کە بەر لە هەڵبژاردن تەوافوق بێتە ئاراوە و ئێمەیش هەڵمان بۆ بەجێهێنانی ئەو بەڵێنە کرد."
سکرتێری پەرلەمانیش فەخرەدین قادر، گوتی "ساڵانی داهاتوو هەوڵ دەدەین کە پەرلەمان مەرجەعی سەرەکی بێت بۆ بڕیاردان و هەموو هەوڵێکمان بۆ خزمەتی خەڵکی دەبێت."
قادر گوتیشی "پەلەکردن لەوەی پێش هەڵبژاردن دەستەی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئەمە پێوەستە بە گۆڕانکارییەکان و پێویست بوو کە لە ئێستادا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت."




