پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد
__2014_04_29_h18m32s35__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا کە کۆی فراکسیۆنە براوەکانی هەڵبژاردنی پێشوو تێیدا بەشدار بوون، دەستەی سەرۆکایەتیی دیاری کرد و یووسف محەممەد لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ سەرۆکی پەرلەمان و جەعفەر ئیمنکی لە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ جێگری سەرۆک، هەروەها فەخرەدین قادر بۆ سکرتێری پەرلەمان وەک کاندید دەستنیشان کران و لە دەنگدانی نهێنیدا بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژێردران.
لە کۆبوونەوەکەدا یادداشتی کۆی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کە بۆ کۆتاییهێنان بوو بە دانیشتنە کراوەکان خرایە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا و فراکسیۆنی سەوز دەنگی بۆی نەدا.
پەرلەمانی کوردستان کاندیدانی هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی خستە دەنگدانی نهێنییەوە و بە زۆرینەی دەنگ دەستەی سەرۆکایەتی یەکلا بووەوە. بەپێی دەنگدانە نهێنییەکە، تاکە کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان کە لە بزووتنەوەی گۆڕانە، بە بەدەستهێنانی 84دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی چوارەم هەڵبژێردرا، هاوکات کاندید بۆ جێگری سەرۆک کە جەعفەر ئیبراهیم ئیمنکی لە پارتی دیموکراتی کوردستانە بە بەدەستهێنانی 79دەنگ بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، هەروەها کاندیدانی سکرتێری پەرلەمان کە لە کۆمەڵی ئیسلامی فەخرەدین قادر و عەبدولڕەحمان فارس 12 دەنگ لە لیستی ئازادی، بە بەدەستهێنانی 73دەنگ بۆ فەخرەدین قادر، سکرتێری پەرلەمان بەر کۆمەڵی ئیسلامی کەوت.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا 108 ئەندام پەرلەمان بەشدار بوون و 3-ێیش ئامادە نەبوون.




