٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوائاماری كوژراو و بریندارانی دوو تەقینەوەكەی سەعدییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-  سەرلەبەیانی ئەمڕۆ،چوار تەقینەوە شارەدێی سەعدییەیان لە پارێزگای دیالە كردە ئامانج و نزیكەی 70 كوژراو و برینداریان لێكەوتەوە.

بەڕێوەبەری‌ نووسینگەی‌ پۆلیسی نەهێشتنی‌ تاوانەكان لە خانەقین، نەقیب فەرهاد رەفعەت عەلی، بە رووداوی راگەیاند: "چوار تەقینەوە بە رێگەی بۆمبی چێنراو ئەمڕۆ دوو ناوچەی شارەدێی سەعدییەیان كردە ئامانج و هەرچەندە دوو تەقینەوەی یەكەم زیانی گیانیان بەدواوە نەبوو، بەڵام تەقینەوەكانی دیكە بوونە هۆی كوژرانی 30 كەس و برینداربوونی 40ی دیكە".

بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە، ئەحمەد زرگۆشی،  راگەیاند، "تەقینەوەکان 18 کوژراو و 20 برینداریان لێکەوتووەتەوە". ئەحمەد زرگۆشی هەروەها گوتی، بریندارەکان گواستراوەنەتەوە نەخۆشخانەکانی خانەقین و جەلەولا.

بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە گوتیشی، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە کوژراو و بریندارەکان کەوتوونەتە ژێر دووکانە رووخاوەکان، پێشبینی دەکرێ ژمارەکان بەرز ببنەوە. ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ تەقینەوەیەكی خۆكوژی ئاهەنگێكی لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە شارۆچكەی خانەقین كردە ئامانج و بە دەیان كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.

شارەدێی سەعدییە بەشێكە لە ناوچە دابراوەكان و ماددەی 140-ی دەستووری فیدراڵی عێراق دەیگرێتەوە و پێكهاتەكانی كوردو عەرەب و توركمان تێیدا دەژین و سەر بە قەزای خانەقینە. هاوكات بە گوتەی بەرپرسانی سەعدییە بەهۆی هەڕەشەو هێرشی گرووپە چەكدارەكانەوە لە چەند ساڵی رابردوو بە سەدان خێزانی كوردی دانیشتووی سەعدییە شارەدێكەیان جێ هێشتووە.

هەواڵی پەیوەندیدار