ئەمڕۆ لە هۆڵەندا پەیكەری عومەری خاوەر پەردەی لەسەر لادەدرێت

هۆڵەندا- KDP.info- بەرێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كاروباری شەهید و ئەنفالكراوەكان بەرەڤان حەمدی، دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری دانهاغ لە هۆڵەندا لە رێگای رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی OPEWكە رێكخراوێكی جیهانیی نێودەوڵتییە و زیاتر لە 190 ئەندامی هەیە لە سەرتاسەری جیهاندا، پەیكەری عومەری خاوەر وەكو مۆنۆمێنتی هەڵەبجە پەردەی لەسەر لابدرێت كە یەكێك دەبێت لە شاكارەكانی تری ناساندنی جینۆسایدی گەلی كورد بەوەی كە پاش 26ساڵ لە بۆمبابارانكردنی هەڵەبجە ئەمڕۆ ئەندامانی ئەم رێكخراوە دان بەوەدا دەنێن كە پێویستە هێمایەكی وا لەناو بارەگای رێكخراوێكی OPEWدابنرێت.
بەرەڤان حەمدی لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoهەروەها گوتی: "لادانی پەردەی پەیكەرەكە سەعات 2ـی پاشنیوەڕۆی 29/4 لەناو بارەگای رێكخراوەكە دەبێت ئەوەش لە كۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی كە هاوكاتە لەگەڵ رۆژی دامەزراندنی ئەم رێكخراوە. گوتیشی: "مەراسیمی وتارخوێندنەوەكان دەست پێدەكات كە تێیدا وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرپەرشتیاری رێكخراوەكە وتار پێشكەش دەكەن لەگەڵ چەند وتارێكی تر و شاندی باڵاَی هەرێمی كوردستانیش لەم مەراسیمەدا بەشدار دەبێت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق و بەشێك لە باڵیۆزەكانی عێراق لەسەر ئاستی ئەورووپا".
حەمدی ڕوونیشی كردەوە، دواتر چەند وتارێكی دیكە دەخوێنرێنەوە لە سەعات 4ـەوە تا 6 واتا دوو سەعات دەخایەنێت، ئەمەش یەكێكە لەو هەنگاوانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگای وەزارەتی كاروباری شەهیدانەوە لەگەڵ چالاكوانانی بواری ئەنفال و رەوەندی كوردی و لایەنەكانی هۆڵەندا بە تایبەتی لایەنە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە ئەنجامیان داوە بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلی كورد. گوتیشی: "لەو رێگایەوە و نوێنەرانی دەوڵەتەكانی ئەندام لەو رێكخراوە ئێمە دەتوانین بگەینە دەوڵەتەكانی تریش بۆ ئەوەی ئازار و نەهامەتییەكانی خەڵكی كوردستان و ئەو جینۆسایدەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە لە كیمیاباران و ئەنفال ئەو دەروازانەمان بۆ بكرێتەوە وا لە رێكحراوەكان و ئەندامە كاراكانی ناو رێكخراوەكانیش بكەین بۆ ئەوەی كارئاسانی زیاتر بكرێت لە گەیاندن و ناساندنی جینۆسایدی گەلی كورد".
شاندی فەرمیی حكوومەتی هەرێم پێكهاتووە لە وەزیری كاوباری شەهیدان، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە برۆكسل و لە هۆڵەندا و چەند وڵاتێكی تر، لەسەر ئاستی عێراقیش وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی عێراق لە هۆڵەندا لەگەڵ چەند باڵیۆزێكی تری عێراقی لە وڵاتانی دیكە ئامادە دەبن.




