٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: سەرەتای ئایار نەوت دەفرۆشین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای کرد، كە رۆژی 2/5/2014 دەست بە فرۆشتنی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە ئێستا لە توركیا هەڵگیراوە. گوتیشی حكوومەتەكەی ئەو هەنگاوە بەبێ حكوومەتی عێراق دەهاوێژێت. 

لە هەڤپەیڤنێكیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند، نزیكەی ملیۆنێک و پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لە توركیا عەمبار كراوە.

پێشتریش وەزیری وزەی توركیا رایگەیاندبوو، كە تەنیا دەتوانن 2 ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوت عەمبار بكەن و دوای ئەوە دەبێ بفرۆشرێت. نێچیرڤان بارزانی لە هەڤپەیڤینەكەیدا گوتی: "لە 2ی مانگی داهاتووەوە دەست بە فرۆشتنی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان دەكەین كە لە توركیا هەڵگیراوە". گوتیشی ئەو كارە بەبێ حكوومەتی عێراق دەكەن.

بە گوتەی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان ئێستا لە توركیا بانك ئامادە كراوە و پارەی داهاتی نەوتی كوردستان لەو وڵاتە دەبێت. نێچیرڤان بارزانی باسی ئەوەش دەكات، كە ئەو نەوتەی دەینێرن بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دەفرۆشرێت، بۆیەش ئەگەر توركیا بیكڕێت، دەیفرۆشنە توركیا، ئەگەرنا دەیفرۆشنە وڵاتانی دیكە.

 لەبارەی ئامادەكاریی حكوومەتی كوردستان بۆ كاردانەوەی حكوومەتی عێراق، نێچیرڤان بارزانی گوتی ئەوان‌ باجەكەیان داوە، لە مانگی یەكەوە مووچەی هەرێمی كوردستان رەوانە نەكراوە. تەنها مانگێك مووچە هاتووە، ئەویش بە كەمی.

بەگوتەی سەرۆكی حكوومەت، ئێستا هەرێمی كوردستان 850 ملیار دیناری هەیە بۆ مووچە، كەچی نزیكەی‌ 500 ملیار دینار لەو پارەیە هاتووە.  هەروەها لە مانگی  شوباتیش هەمان بڕەپارەیان وەرگرتووە و لە مانگی ئادار و نیسانیش هیچ پارەیەكیان لە بەغداوە بۆ نەهاتووە. 

هەواڵی پەیوەندیدار