٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە بەرامبەر پێشلکردنی سەروەری هەرێمی کوردستان دەستەوەستان دانانیشین

سەرچاوە: KDP.info

لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان دوای بەسەر کردنەوەی بەرەی پێشەوەی هێزی پێشمەرگە لە گوندی قاهیرە رایگەیاند: حکومەتی عێراق گێچەڵ به هێزی پێشمەرگە دەکات.

محەممەد ئەحمەد عەلی شارەزوری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان لەو بارەوە به رووداوی راگەیاندووە: ئێمە وەک لیژنەی پێشمەرگەی سەردانی گوندی قاهیرەمان کرد و بەچاوی خۆمان بینیمان سوپای عێراق بەدووری 700 مەتر لە بەرامبەر هێزی پێشمەرگە وەستاوە. ئەوەی ئێمە بینیومانە بەراستی حکومەتی عێراقی گێچەڵ بە هێزی پێشمەرگە دەکات. هێزی پێشمەرگە لەجێگەی خۆیەتی و یەک سانتیمەتر نەجوڵاوە لەو جێگایەی کە لەساڵی 2004 بەپێی رێککەوتن تێیدا جێگیر بووە.

راشیگەیاند ئێمە لەگەڵ فەرماندە و پێشمەرگەکانی لیوای 8 کۆبووینەوە. ئەوان بەڵێنیاندا دەستپێشخەر نەبن بۆ ئاڵۆزترکردنی بارودۆخەکە  و لە هەمانکاتدا تا دواین دڵۆپی خوێن پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی کوردستان بکەن. دیارە ئێمە بەچاوی خۆمان بینیمان هێزی پێشمەرگە هیچ جوڵەیەکی نەکردووە بەڵکو بەرپرسانی عێراق گێچەڵ بە هێزی پێشمەرگە دەکەن، سوپای عێراق لە ناسریەوە بۆ ئەو ناوچەیە هاتووە. بۆیە ئێمە دەستخۆشی لە هەوڵەکانی هێزی پێشمەرگە دەکەین و هەوڵ دەدەین ئەو کێشەیە لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت.

سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: رێککەوتن هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ کە ئەگەر هەر لایەنێک هێزی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان جوڵاندەوە لایەنەکەی دی ئاگادار بکاتەوە. ئەوە چەندین جارە حکومەتەکەی مالیکی ئەو رێککەوتننامەیە پێشێل دەکات و بەبێ ئاگاداری هەولێر، جوڵە بە هێزەکانی دەکات لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان.

ناوبراو رەخنەی لە هەڵوێستەکانی حکومەتی عێراق بەدژی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: زیاتر لە 3 ساڵە سنوورەکانمان لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە تۆپباران دەکرێت ، کەچی تا ئێستا مالیکی و حکومەتی عێراق یەک بەیاننامەشیان بۆ ئیدانەکردنی ئەو کارە دەرنەکردووە، کەچی ئێستا به پاساوی پاراستنی سنوور هێز دەنێرێتە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان. ئەوانە هەمووی بیانوون بۆ شێواندنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان.

شارەزوری گفتوگۆی بە گونجاوترین رێگەچارە ناوبرد و رایگەیاند: هیوادارین چارەسەری ئەو کێشانە بە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکرێت، هەر وەک وەزیری پێشمەرگە و جێگرەکەشی لە میواندارێتی پەرلەمانی کوردستاندا جەختیان لە چارەسەری کێشەکە لەرێگەی گفتوگۆ کردووەتەوە. پێویستە خۆمان دووربگرین لە توندوتیژی و سەرکێشی کردن کە حکومەتی عێراق راماندەکێشت بۆ ناو هەندێک کێشە.

سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە هەمانکاتیشدا رایدەگەیەنێت ئەگەر ئەو کێشەیە لەرێگای گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر نەکرا. ئێمە به دڵنیاییەوە پشتگیری و پاڵپشتی لە هێزی پێشمەرگە دەکەین لە روودانی هەر شتێک. ئێمە ناتوانین دەستەوەستان دابنیشین و چاولێبکەین هەر رۆژەو بە بیانوویەک سەروەری هەرێمی کوردستان پێشێل بکرێت و دەسکەوتەکانمان بخرێتە مەترسییەوە.

شایەنی باسە بەرەبەیانی 27/7/2012 هەردوو لیوای 37 و 38ی سەر به فیرقەی 10ی سوپای عێراق به بیانووی پاراستنی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا  لە شاری ناسرییەوە جوڵەیان پێکرا بۆ پردی سحێلا لە ناوچەی زوممار 30 کیلۆمەتری رۆژئاوای زاخۆ کە بەپێی دەستووری عێراق ناوچەیەکی ناکۆکی لەسەرە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن.


 

هەواڵی پەیوەندیدار