لە مووسڵ و جەلەولا، دەنگدانی تایبەت بێ کێشە کۆتایی ھات

هەولێر- تایبەت بەkdp.info/ بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەبێ گیروگرفت کۆتایی پێ ھات. هاوکات بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جەلەولا، دەڵێت، دەنگدان لە جەلەولا بە شێوەیەکی باش بەرێوە چووە و کێشە رووینەداوە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، سەعید مەموزینی، بە kdp.info-ی راگەیاند: سەعات حەوتی بەیانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەستی پێکرد و سەعات شەشی ئێوارەش کۆتایی پێ ھات.
مەموزینی گوتیشی: لە سنووری پارێزگای مووسڵ 55ھەزار دەنگدەری تایبەت ھەبوو و رێژەی دەنگدانیش گەیشتە نزیکەی80%.
مەموزینی روونیشی کردەوە، پرۆسەکە زۆر بە ھێمنی بەرێوە چوو و ھیچ ساختەکاری ئەنجام نەدراوە و ھیچ لایەنێکیش سکاڵای تۆمار نەکردووە.
پێشبینیشی کرد، دەنگدەرێکی زۆر دەنگیان بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دابێت.
بە گوتەی کامەران محەممەدی بەرپرسی ناوچەی پارییش لە ناحیەی جەلەولا، 3ھەزار و110کەس مافی دەنگدانی تایبەتیان ھەبووە بە شێوەیەکی بەرچاو دەنگیان داوە.
کامەران محەممەد گوتیشی: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت کە لە دوو بنکە بەرێوە دەچوو، بنکەیەکیان لە ناوشار بە ناوی حەریری و بنکەیەکی دیکەیش بە ناوی فورات لە دەرەوەی شار بوو و ھاتوچۆیش قەدەغە کرابوو.
ئەو بەرپرسەی پارتی راشیگەیاند: دەنگدانەکە بە شێوەیەکی زۆر رێک وپێک بەرێوە چووە و خۆشبەختانە ھیچ کێشەیەک رووینەداوە.
بڵند ئیبراھیم




