بەڵگە لەبەردەستە خروقاتی گەورە لە بنکەکانی دەنگدان لە سلێمانی کراوە و گوشار لەسەر دەنگدەری تایبەتیش هەبووە

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەکانی لقی 4-ی پارتی لە سلێمانی بە بەڵگەوە خروقاتەکانی ئەمڕۆی دەنگدان لە سلێمانی دەخاتە ڕوو و دەشڵێت، هەڕەشەی بە زۆر دەنگدان بە کیانێکی سیاسی تۆمار کراوە.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی لقی 4-ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆKDP.infoگوتی: "ئەمڕۆ کۆمەڵێک خروقات لە بنکەکانی دەنگدانی تایبەتدا ئەنجام دراون کە ئەمانەن، یەکەم: لە نەخۆشخانەی "فێرکاری" هەموو نەخۆشخانەکانی پارێزگای سلێمانی کە جێگای بنکەی دەنگدان بوون، بە نووسراوی گشتیی ئیدارەی نەخۆشخانەکان دەنگ دەدەن و هێناویانن بە ناوی نەخۆشەوە بۆ دەنگدان، کە لەراستیدا هیچیان نەخۆش نین و لە نەخۆشخانەکانیان خەواندوویانن، دووەم: شەوی 27/ 28 /4 لە نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەییەکە 250 کەسیان بە ناوی نەخۆشەوە خەواندووە و بە نووسراوی ئیدارەی نەخۆشخانەکە دەنگیان پێداون، سێیەم: لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ کە نەخۆشخانەی چاوە، هەمان حاڵەت روویداوە، چوارەم: لە سەعات 12ی ئەمڕۆ، وەستا حەسەنی ئاسایش بە هێزێکی گەورەوە لەبەردەم بنکەی دەنگدانی قوتابخانەی "شارۆ" وەساتاوە و هەڕەشە لە پۆلیس و دەنگدەری تایبەت ئەکا ئەگەر دەنگ نەدەن بە یەکێتی دەناسرێن و لێیان قبووڵ ناکرێت و لە دواییدا بە سزایان دەگەیەنن، چوارەم: ئۆتۆمبێلێکی حکوومی لەبەردەم بنکەی "شەهید غەفوور ژاژڵەیی" وەستاوە بە ئاڵا و لۆگۆی یەکێتییەوە کە وێنەی گیراوە و بەڵگە لەبەر دەستە بانگەشە دەکات".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەکانی لقی چوار ئەوەشی خستەڕوو "لە هەمان جێگایش پروپاگەندەی هەڵبژاردن کراوە لە سەعات 12بە دواوە لە هەمان جێگا واتە لە بنکەی "شەهید غەفوور ژاژڵەیی" هێزێکی گەورەی دەنگدەری تایبەت چوونەتە ناو بنکەکەوە و ئەو بنکەیان کۆنترۆڵ کردووە و بریکارەکانی پارتی و گۆڕان و کۆمەڵیان بە شەق و زلە دەرکردووە، دوای ئازاردان و ئیهانەکردنیان ئێستا لە دەرەوەی بنکەکەن و لە هەوڵی ئەوەدان سکاڵان یاسایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سلێمانی تۆمار بکەن."




