سلێمانی... بە هۆی تەقەی خۆشییەوە، كچە قوتابیێكی زانكۆ بریندار بوو

سلێمانی-KDP.info- بە هۆی تەقەی خۆشییەوە لە شاری سلێمانی، کچە قوتابیێکی زانکۆی ئەمەریکایی بریندار بوو و قایمقامی سلێمانیش داوا لە لایەنگرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکات، تەقەی خۆشی ڕابگرن.
پاش بڵاوبونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆی سەرۆككۆماری عێراقی فیدراڵ، جەلال تاڵەبانی، کە تێیدا لە بنکەیەکی دەنگدان لە وڵاتی ئەڵمانیا دەنگ دەدات، لە شاری سلێمانی لە لایەن هەوادارانی یەكێتییەوە دەست كرا بە تەقەی خۆشی و تەقەكانیش لە سەر ماڵان و تەنانەت لە ناو ئۆتۆمبێلیشەوە دەكران و بە هۆیەوە كچە قوتابیێكی زانكۆی ئەمەریكایی بریندار بوو.
لە لایەكی دیكەوە لە بنكەی دەنگدانی تایبەت لە ناحیەی بازیان لە لایەن پاسەوانانی بنكەكە و چەند دەنگدەرێكەوە لە هێزە ئەمنییەكان تەقەی خۆشی لە ناو بنكەكەدا كراوە. بۆ بەرگرتن لە تەقەی خۆشی و ئەگەری زیانباربوونی هاووڵاتیان، قائیمقامی سلێمانی داوای لە لایەنگرانی یەكێتی دەکات كە تەقەی خۆشی رابگرن.
گرتە ڤیدیۆییەکە کە مێدیاکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویان کردووەتەوە، نیشانی دەدات کە سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ کە هاوکات سکرتێری گشتیی یەکێتیشە، بەسەر کورسیێکەوەیە و لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە وڵاتی ئەڵمانیا دەنگ دەدات.
ئارمان مەلازادە




