خەسرۆ گۆران: لە هەندێک شوێن سکاڵا تۆمار دەکەین

هەولێر-KDP.info-بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، پارتی لە کۆمەڵێک شوێن سکاڵا تۆمار دەکات، هاوکات دەڵێت، دەبوایە ئامادەکاریی باشتر لە ڕووی تەکنیکی هەڵبژاردنەوە بکرابایە.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان. خەسرۆگۆران لە لێدوانێکدا بۆ KDP.infoگوتی: "هێشتا پرۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی ئارام و یاسایی بەڕێوە چووە، بەڵام لە هەندێک شوێن سکاڵا تۆمار دەکەین بە تایبەتی ئەو شوێنانەی کە سەرپێچی تۆمار کراون لەسەر ڕێنمایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و لە هەندێک شوێن کەموکورتیی کۆمسیۆن هەیە، بەتایبەتی لە دەنگدانی ئاوارە کە دەبێت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بڕۆن دەنگ بدەن، لە جیاتی ئەوەی لە نزیکترین شوێن بنکەیان بۆ تۆمار بکرێت. بۆیە ئەوەش لەمپەرێک بوو لەبەردەم دەنگدان، وێڕای ئەوەش بۆ ئاوارەکان فۆرمێک هەبووە بۆ هەموو پارێزگاکان، بۆیە دەنگدەر دەبێت ئەوەندە هۆشیار بێت کە سەرەتا پارێزگا هەڵبژێرێت کە دەنگی بۆ دەدات".
گوتیشی: "بەداخەوە لەگەڵ یەکەم ڕۆژی دەنگدان لە عێراق لە کەرکووک و لە خورماتوو و لە هەندێک شوێنی جیاجیای عێراق تەقینەوەی خۆکوژی هەبووە، ئەوەش وای کرد خەڵکێکی کەمتر لە هەڵبژاردن بەشداری بکات، چونکە نەبوونی ئەمن و ئاسایش کاریگەری بەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگدەرانەوە هەیە".
ئەوەشی خستەڕوو، دەبوایە پێشوەختە کۆمسیۆن ئامادەکاری باشی بکردبایە و سوود لە هەڵەکانی ڕابردوو لە دەنگدان وەربگیرایە.
کارزان هەورامی




