چوار لایەنی سیاسی داوای یاسایی لە سەر بەرێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن تۆمار دەكەن

سلێمانی-KDP.info- پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی لە شاری سلێمانی بەردەوامە و وێرای بوونی چەند كێشەیەك لە ئامێری خوێندنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدان، لە چەند وێستگەیەكیش پێشیلكاری لە رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكاندا هەبووە.هەروەها پارتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو سکاڵا لەسەر کۆمسیۆن تۆمار دەکەن.
سەبارەت بە رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی تایبەتیش هێشتا هیچ زانیارییەك لە بەردەستدا نییە و كۆمسیۆنیش بە هیچ شێوەیەك لێدوان بۆ رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن نادات. لە لایەكی دیكەوە لە لایەن یەكێتیی نیشتیمانییەوە لە نزیك وێستگەی دەنگدان لە قوتابخانەی شارۆ لە گەڕەكی سەروەری شاری سلێمانی، بنكەیەكی نوێ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بەخشێنەوەی كارتی كاندیدەكانیان دروست كردووە كە ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانە، بەوپێیەی كە نابێت هیچ بنكەیەكی لایەنە سیاسییەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە نزیك وێستگەكانی دەنگداندا هەبێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی داوای یاساییان لە سەر بەرێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن، هاوڕی تۆفیق تۆمار دەكەن لە بەرامبەر ئەوەی كە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ رایگەیاندووە كە بردنی مۆبایل بۆ ناو وێستگەكان و گرتنی وێنە لە لایەن دەنگدەرانەوە رێگەپێدراوە، هەر بۆیە ئەم لایەنانە پێیان وایە كە ئەم بریارە پێچەوانەی یاسا و رێنماییەكانی كۆمسیۆن و ئاشكراكردنی دەنگی دەنگدەرانە بە تایبەتی هێزە ئەمنییەكان.
ئارمان مەلازادە




