وەزارەتی پێشمەرگە: چوونی سوپا بۆ نێو کەرکووک، بە فەرمانی پارێزگاریش بێت، پێویستە ھێزی پێشمەرگە ئاگادار بێت

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ بەرێوبەری گشتیی راگەیاندن ورۆشنبییری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە kdp.info-ی راگەیاند: ھێنانی سوپای عێراق بۆ ناو کەرکووک دوورە لە تەوافوقی سیاسی و سەربازی، چونکە بەپێی رێککەوتنی ساڵی2009، پێویستە ھەر یەکەیەکی سەربازی دروست بکرێت یاخود چالاکییەک ئەنجام بدرێت، بە ھاوبەشی بێت لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە.
ھەڵگورد حیکمەت گوتیشی: ھاتنی ھێز بۆ ناو کەرکووک کە ئێستا باسی لێ دەکرێت دوورە لە تەوافوقی سیاسی و پێشێلکردنی رێککەوتنی نێوان ھێزێی پێشمەرگە و سوپای عێراقە.
حیکمەت روونیشی کردەوە، "ئەگەر ئەو ھێزە لەسەر فەرمانی پارێزگاری کەرکووکیش بێتە ناو ئەو شارەوە، پێویستە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ھاوبەشی ئەو کارەیان ئەنجام بدایە، نەک تەنھا سوپای عێراق.
مێدیاکان بڵاویان کردووەتەوە کە بە فەرمانی پارێزگاری کەرکووک ھێزی دیجلە ھاتووەتە ناو شاری کەرکووک، بۆ پاراستنی ئەمنیەتی ئەو شارە لە رۆژی بەرێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.
بڵند ئیبراھیم




