هاوپەیمانیی كوردستان: پرسی لێپرسینەوە لە مالیكی رانەگیراوە

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: تا ئێستا پرسی لێپرسینەوە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەردەوامە و رانەگیراوە، ئاماژە بەوەش دا لێژنەی ئامادەكاری لە كارەكانی بەردەوامە بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر مالیكی، بۆ ئەوەی بانگێشتنی پەرلەمان بكرێ.
ئەم لێدوانە لە كاتێكدایە كە ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلشەرقیە رای گەیاندووە، داواكاری لێپرسینەوە لە مالیكی ئێستە راگیراوە و چاوەڕوانی بەڵێنەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانین لەبارەی چاكسازییەوە.
موحسین سەعدوون جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: پرسی لێپرسینەوە لە مالیكی وەك سەرۆك وەزیران تا ئێستا بەردەوامە و شكستی نەهێناوە، بەڵام دواكەوتنی بەهۆی ئەوە بووە كە پێویستە بەڵگەی پێویست كۆ بكرێتەوە و رێككارەكان بەشێوەیەكی یاسایی و دەستووری تێپەڕێ.
روونیشی كردەوە، تا ئێستا ئەو پرسە رانەگیراوە، بەڵكو بەردەوامە و ئەنجامیش دەدرێ، چونكە هاوپەیمانیی كوردستان و عێراقییە و سەدریش سوورن لەسەر لێپرسینەوە لە مالیكی.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو پرۆسەیە پرۆسەیەكی یاسایییە و پێویستی بەوە هەیە لە رووی یاسایییەوە هەنگاو بهاوێژرێ، بۆیە تا ئێستەش كارەكان بەم ئاراستەیە دەڕوا و هەر كاتێكیش رێككارە یاسایییەكان كۆتایی پێ هات مالیكی بانگێشتنی پەرلەمان دەكرێ.
لەلایەن خۆشیەوە فاتیح داراغایی پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لەم بارەیەوە بە(ئاكانیوز) راگەیاندووە، تا ئێستا پرسی لێپرسینەوە لە مالیكی كۆتایی پێ نەهاتووە و بەردەوامە، چونكە لایەنە سیاسییەكانی عێراق سوورن لەسەر لێپرسینەوە لە مالیكی.
ئاماژەی دا، خستەڕووی پڕۆژە چاكسازییەكەی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی لە عێراق نابێتە هۆی وەستانی پرسی لێپرسینەوە لە مالیكی، چونكە ئەو دوو پرۆسەیە جیاوازن.
گوتیشی: پێم وایە پڕۆژەی چاكسازی بۆ لەباربردنی پرۆسەی لێپرسینەوەیە، بەڵام خستەڕووی پرۆژەی چاكسازی لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە بێ ئەوەی ناوەڕۆكەكەی دیار بێ ناتوانێ پرسی لێپرسینەوە لە مالیكی لەبار ببا.
هەروەها فەرهاد ئەتروشی، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق پێشتر بە(ئاكانیوز)ی راگەیاندبوو بەردەوامن لە كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر مالیكی بۆ ئەوەی بەزووترین كات بانگێشتنی پەرلەمان بكرێ.
ئەتروشی، كە هاوكات ئەندامی لێژنەی ئامادەكردنی فایلی بانگكردنی مالكییە بۆ بەردەم پەرلەمان زیاتر گوتی: ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو بەڕەسمی داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەین نامەی بانگكردنی مالیكی بۆ بەردەم پەرلەمان، رەوانەی سەرۆكایەتیی وەزیرانی عێراق بكات.




