لقی چواری پارتی ئەنجامی لێژنەی لێکۆڵینەوەی تەقەکردنەکەی بەردەم لق، ڕەتدەکاتەوە

سلێمانی-/KDP.infoلقی چواری پارتی ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت،ئاشکراکردنی دەرئەنجامی لێژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووداوەکەی بەردەم لقی چوار شێواندنی ڕاستییەکان بووە نەک دەرئەنجامی ڕاستی، ئەوەش خراوەتە ڕوو کامێراکانی چاودێری ڕووداوەکەیان تۆمار کردووە.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە بۆKDP.infoنێردراوە، لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "شەوی 19/4/2014، لقی چواری پارتیمان و جەماوەری ئاهەنگگێری بەردەم لقی چوار، بەبۆنەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە کەوتنە بەر دەستڕێژی گولـلە و هێرشی چەکداران، بۆ دووجار و لە دوو کاتی جیاوازدا، بۆئەم ڕوداوەش لیژنەیەک پێک هێنرا بە بڕیاری بەڕێز پاڕێزگاری سلێمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە و دەستنیشانکردنی تۆمەتباران، زۆر بەداخەوە لە ڕۆژی 27/4/2014، لیژنەکە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی راگەیاند و بەشێوەیەکی داڕێژراو ڕاستییەکانی شێواندووە."
ڕاگەیەنراوەکەی لقی چواری پارتی ئاماژەی داوە کە "بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و خستنە ڕووی ڕوداوەکە بۆ بەردەم ڕای گشتی بە پێویستی دەزانین ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاو بکەینەوە"
1- کێشەکە لە ئەنجامی هێرشکردنی (3) ئۆتۆمبێلی پڕ چەکدار بۆسەر ئاهەنگگێرانی بەردەم لقی چوار و بارەگای لق درووست بووە و بە هیچ شێوەیەک تەکسی بە لۆگۆی (ی . ن . ک) بوونی نەبووە و لە کامێرای چاودێریشەوە بە روونی دیارە و لە ئەنجامیشدا (2) برینداری لێکەوتەوە کە هەر دووکیان پارتین.
2- تەقەکردن لەلایەن چەکدارانی هێرشکەرەوە بووە بۆ سەر لقی چوار نەک پاسەوانەکانی لقی چوار.
3- لیژنەکە باس لەوە دەکات کە (خەڵکانی تر) و (خەڵکانی چەکدار) لەو شوێنە بوون و چونەتە ناو کێشەکەوە. دەپرسین ئەو خەڵکانە کێن؟ و چی بوون؟ بۆ هاتنە ناو کێشەکەوە؟.
4- لیژنەکە ئاماژە بەوە دەکات ئەو ئۆتۆبێلەی کە باس دەکرێت تەقەی لە لقی چوار کردووە، دەستگیریان کردووە سێ کەسی تیا بووە و دووانیان فیتەر بوون و چەکداریش نەبوون. ئێمە دەڵێین بەپێی کامێرەکانی چاودێری ڕوون و ئاشکرایە یەک ئۆتۆمبێل نەبووە. بەڵکوو سێ ئۆتۆمبێل و پڕبووە لە چەکدار و ئەوەی جێی داخە چەکدارەکان بە بەردەم سلێمانی پاڵاسدا هەڵهاتوون و لە نزیک قایمقامیەتی سلێمانییەوە بە بەرچاوی ئەو هەموو کامێرا و مەفرەزەی ئەمنی و پۆلیسانەی لە چوارڕێیان و ترافیکەکانن.
5- هەموو شەوێک چالاکی مەدەنی و هێزی 104، پاسەوانی ڕێگاکانی بەردەمی لقی چواریان دەکرد، بەڵام لە شەوی ڕووداوەکەدا هیچ کام لەم هێزانە لەوێ نەبوون، دەپرسین بۆ؟.
6- دەپرسین ئەگەر ڕووداوی یەکەم لە ئەنجامی لێکتێنەگەیشتن و بەرکەوتن بووبێت و دارێژراو نەبووە هەروەک لیژنەکە ئاماژەی پێدەکات، ئەی ڕووداوی دووەم هۆکارەکەی چی بوو دوای نزیکەی نیو کاتژمێر.
7- لەکۆتاییدا لیژنەکە دەڵێت هەرکەسێک بە ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکە ڕازی نییە دەتوانێت داوای یاسایی تۆمار بکات، ئێمەش دەڵێین گەر لیژنەیەک کە بە بڕیاری پارێزگار پێک هێنرابێت بۆ لێکۆڵینەوە لەروداوێک کەدوو بڕیندای لێکەوتبێتەوە لە ناو لقی چوار، نەتوانێت تاوانباران دەستنیشان بکات و دەستگیریان بکات، ئەبێت تۆمارکردنی داوای یاسایی چ سوود و ئەنجامێکی هەبێت؟ بۆیە ئێمە وەک لقی چواری پارتی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە سەرلەبەری ڕەت دەکەینەوە و داواکارین لە داواکاری گشتی ڕۆڵی خۆی ببینێت و بە پێویستمان زانی جەماوەری شاری سلێمانی لەم ڕاستییانە ئاگادار بکەینەوە.
لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان"




