٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: لەسەر بنەمای ئیستیحقاقی 18 كورسی قسەمان لەگەڵ یەکێتی کردووە و باشترە قبووڵی بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، تا ئێستا لەگەڵ یەكێتی لەسەر وەزارەتی ناوخۆ یەكلا نەبوونەتەوە و راشیگەیاند ئەوان لەسەر بنەمای ئیستیحقاقی هەڵبژاردن كە 18 كورسییان هەیە، قسەیان لەگەڵ یەكێتی كردووە و گوتی "پێموایە باشترە یەكێتی قبووڵی بكات". لەبارەی یەكگرتووی ئیسلامیشەوە ئاشكرای كرد كە "لێكتێگەیشتنێكی باش لە نێوانماندا هەیە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كاندیدی راسپێردراوی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لە هەڤپەیڤینێكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی رووداو كە لە شەوانی دووشەممە و سێشەممە لە بەرنامەی هەڤپەیڤیندا بڵاو دەكرێتەوە، باس لە دواقۆناغی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم و ناڕەزاییەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پشكەكانیان لە كابینەی هەشتەمدا دەكات و هەروەها كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەسەر نەوت و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و پرسی رۆژئاوای كوردستان و پەیوەندی پارتی وPKK دەخاتە روو، قسە لەسەر ئەو بەڵێنەیشی دەكات كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی رابردوو رایگەیاند لەبارەی ئەوەی كە خەڵك دەبێ راستەوخۆ لە نەوت سوودمەند بێت لە رێگەی بڕینەوەی مووچەی مانگانە.

 جەدەلی نێوان ئێمە و یەكێتی لەسەر وەزارەتی ناوخۆ تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە



نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پۆستەكانی كە دراونەتە یەكێتی و ناڕازیبوونی ئەو حیزبە بەو پۆستانە، رایگەیاند كە كێشەی یەكێتی تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆیە و پێداگرن لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتە، گوتیشی "پارتی بە یەكێتی دەڵێ ئەو وەزارەتە هیی منە، چونكە دەزگای ئاسایشت لەبەردەستە كە دەزگایەكی ئەمنییە. وەزارەتی پێشمەرگەش هیی گۆڕانە و یەكلا بووەتەوە‌، بەڵام ئەم جەدەلەی نێوان ئێمە و یەكێتی تائێستا یەكلا نەبووەتەوە و بەردەوامە".
نێچیرڤان بارزانی گوتی "پێموایە یەكێتی لە دەستپێكدا تەوەقوعاتی زۆریان بە جەماوەری خۆیان دا، بەڵام ئەوەی ئێمە لەسەری قسەمان لەگەڵیان كردووە لەسەر بنەمای ئیستیحقاقی 18 كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان، پێموایە باشترە یەكێتی قبووڵی بكات. ئێمە خۆمان پێنج وەزارەتمان هەیە و پێنج وەزارەتیشمان داوەتە یەكێتی".
لەبارەی ئایندەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش پاش ئەم ساردوسڕیەی لە پەیوەندی نێوان هەردوو حیزبەكەدا هەستی پێ دەكرێ، نێچیرڤان بارزانی گوتی "ئەم قۆناغەی رێككەوتنی ستراتیژی تەواو بووە و قۆناغێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، بەڵام ئێمە بە فەرمی راماننەگەیاندووە كە كۆتایی هاتبێت. ئەم قۆناغە تازەیە لەسەر پارتی و یەكێتی و هێزەكانی دیكە پێویست دەكات، كە هاوكار بن و پێكەوە كار بكەن".

 ئێمە خۆمان پێنج وەزارەتمان هەیە و پێنج وەزارەتیشمان داوەتە یەكێتی




جگە لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش لەسەر وەزارەتی كارەبا كێشەی هەیە و بەو وەزارەتە رازی نییە، نێچیرڤان بارزانی، لەبارەی ئەوانەوە باس لە دیدارێكی خۆیان لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە لەگەڵ ئەوان گەیشتوونەتە ئەنجامێك و دەڵێت "تێگەیشتنێكی باش لە نێوانماندا هەیە".
دوای ئەوەی رێككەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی كابینەی هەشتەم راگەیەنرا، راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ناویان لە رێككەوتنەكە نا رێككەوتنی ژێربەژێری نێوان نێوان پارتی و گۆڕان، لەوبارەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی "ئێمە بە هیچ شێوەیەك رێككەوتنی ژێربەژێریمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان نییە، ئێمە پێمان باشبووە بەشداری حكوومەت بكەن، ئەوانیش ئارەزووی بەشداریكردنیان لە حكوومەت هەبووە، لە مافی خۆیان زیاتر داوا نەكردووە، مەرجی تەعجیزییان نەبووە، وەك پارتی پێمان وابووە دەتوانین پێكەوە كار بكەین".

 لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی گەیشتووینەتە ئەنجامێك و لێكتێگەیشتنێكی باش لە نێوانماندا هەیە




نێچیرڤان بارزانی لەبارەی وتەیەكی نەوشیروان مستەفا لەبارەی چوار ساڵی ئارامی لە كوردستان و هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان لەكاتی دانوستاندنەكاندا، گوتی "ئەندامانی شاندی دانوستاندنی پارتی كە لەگەڵ من بوون، بە شێوەیەكی زۆر پۆزەتیڤانە سەیری ئەم قسانەی كاك نەوشیروانیان كرد. بۆیەش ئێمە پێمان وابوو ئەمە سەرەتایەكی نوێیە و دەتوانین پێكەوە كار بكەین، ئێمە بەو بۆچوونە خۆشحاڵین". هەروەها گوتی "چوار ساڵی ئارامی مانای ئەوە نییە كە لەم وڵاتەدا هیچ كێشەیەك نابێت، بەڵكو مانای ئەوەیە كە هەموومان لەسەر بەرنامەیەك رێك بكەوین، هەموویشمان هەوڵ بدەین ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكەین".
لەبارەی ئەوەی كە ئەگەر بزووتنەوی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا لە سلێمانی بردیەوە، ئایا یەكێتی ئامادە دەبێت ئەو ئەنجامە قبووڵ بكات، نێچیرڤان بارزانی گوتی "بڕوا ناكەم گۆڕان ئەوەندە كورسییە لە سلێمانی بباتەوە كە خۆی بەتەنیا پارێزگاری سلێمانی دابنێت. ئەگەر گریمان بە تەنیاش بتوانێ، ئەوە لەسەر هەر لایەنێكە پابەندی ئەنجامی هەڵبژاردن بێت".
پرسی نەوت و كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا تەوەرێكی دیكەیە لە هەڤپەیڤینەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو كێشەكەی گەڕاندەوە بۆ ئامانجی بەغدا لە كۆنترۆڵكردنی نەوت و گوتی "بە كوردی و بە كورتی بە دوو وشە پێتان بڵێم، مەسەلەكە كۆنترۆڵە، بەغدا دەڵێت من كۆنترۆڵی دەكەم، ئێمەش پێیان دەڵێین تەجروبەیەكی خراپمان لەگەڵ ئێوە هەیە، نابێت ئێوە كۆنترۆڵی بكەن". 
كێشەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر نەوت و بودجە گەیشتە رادەی بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە، نێچیرڤان بارزانی باس لە دواسەفەری خۆی بۆ بەغدا دەكات و دەڵێ "بەرلەوەی بچینە بەغدا، بۆچوونی من وابوو كە بەغدا بەشێوەیەكی گشتی لە هەموو عێراقدا كێشەی دابینكردنی بودجەی هەبێت، كە چووین بۆ بەغدا لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لایەنی عێراقی، تووشی شۆك بووم كە ئەمەم زانی، چونكە پێم وابوو كێشەی داراییان هەیە و پارەیان چاپ نەكراوە و كێشەكە چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەوان گوتیان نەخێر ئێمە بە بڕیار بودجەی هەرێمی كوردستانمان راگرتووە، گوتم چۆن؟ گوتی بە بڕیاری سەرۆك وەزیران نوری مالیكی بودجەی هەرێمی كوردستانمان راگرتووە، من جارێكی دیكە پرسیارەكەم دووبارە كردەوە، بە ئەمری سەرۆكوەزیرانی بەغدا نووری مالیكی ئێوە بڕیارتان داوە بودجەی هەرێم راگرن؟ وەزیری دارایی گوتی بەڵێ بە ئەمری سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، گوتم كەواتە چ پێویست دەكات ئێمە مفاوەزات بكەین بۆ چارەسەركردن، ئێوە پێشتر دەسپێشخەریتان كردووە و پارەی هەرێمتان بڕیوە، چ پێویست بەم مفاوەزاتە دەكات؟".

 رێككەوتنی ژێربەژێریمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان نییە




بارزانی لە دیدارەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە كێشەی مووچە چارەسەر دەكەن و خەڵكیش دڵنیا دەكاتەوە كە مووچەی هیچ كەسێك لە هەرێمی كوردستان نافەوتێ، گوتیشی "من دەڵێم لە هەرێمی كوردستان رەنگە تا مانگی 5 و 6 ئەو كێشەیەمان هەبێت، بەڵام هەوڵی جیددی ئێمە ئەوەیە كە دوای ئەو وادەیە، ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە، ئەو كێشانە چارەسەر بكەین. گرنگ ئەوەیە خەڵكی كوردستان دڵنیا ببنەوە كە مووچەی هیچ كەسێك نافەوتێت، دواكەوتن بابەتێكە، بەڵام بەدڵنیاییەوە مووچەی كەس نافەوتێ".
نێچیرڤان بارزانی باس لە سیاسەتی ئەەمریكا لەبارەی كێشەی هەرێمی كوردستان و بەغدا دەكات و دەڵێ "ئەمەریكا هانی هەردوولامان دەدات بۆ ئەوەی بگەین بە تەفاهوم، ئەمە سیاسەتی راستەقینەی ئەمەریكایە، بەڵام هیچ لایەنێك لەسەر ئەوی دیكە فەرز ناكات".

 تا مانگی 5 و 6 كێشەی دواكەوتنی مووچەمان دەبێت، بەڵام چارەسەری دەكەین



زیاتر گوتی "ئەمەریكا كە دەڵێ بگەڕێنەوە بەغدا وەك پایتەختی عێراقی فیدراڵ، مانای ئەوە نییە كە دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی بەغدا دابێت، ئەمەریكا بە بەردەوامی هانی هەردوولامان دەدات، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێك. بە‌ڕاستی بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانیش لەوەدایە لەگەڵ بەغدا بگاتە ئەنجامێك، بەڵام كە نەگەیتە ئەنجام خۆ ناتوانیت تاهەتایە هەروا دانیشیت، دەبێت رێگایەكی دیكە بدۆزیتەوە، ئەمە ژیانە و بەردەوام دەبێت، چاوەڕوانیی خەڵكیش لە حكوومەتەكەی زۆرە، بۆیە دەبێت رێگایەك بدۆزێتەوە"‌.
پەیوەندییەكانی پارتی وPKK و رۆژئاوای كوردستان تەوەرێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكەیە، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای دەكات كە بەم نزیكانە لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان دادەنیشن و گوتی "ئێستا خەریكین بەم نزیكانە دانیشتنەكەمان لەگەڵPKK دەبێت. نامانەوێ كێشەمان لەگەڵ هیچ لایەنێك هەبێت"...

 PYD بە هاوكاریی حكوومەتی بەشار ناهێڵێ هیچ لایەنێكی دیكەی رۆژئاوا كار و چالاكی هەبێتhttp://rudaw.net/images/left-quotes.png




لەبارەی رۆژئاوای كوردستانیش دەڵێت"PYD بە هاوكاریی حكوومەتی بەشار ناهێڵێ هیچ لایەنێكی دیكەی رۆژئاوا كار و چالاكی هەبێت"..
هەروەها دەڵێت "وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستاندا نییە، چونكە یەك لایەنە رایانگەیاندووە و ئەگەر هەموو هێزەكان پێكەوە كار بكەن ئێمە هاوكاریان دەبین".

 بەم نزیكانە دانیشتنمان لەگەڵPKK دەبێت




بارزانی پرسی خەندەقی نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان وەك بابەتێكی ئەمنی باس دەكات و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە بەرپرس دەزانێت لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لەوبارەوە دەڵێت "مەسەلەی خەندەق زۆر گەورە كراوە، بەپێی یاسا حكوومەت بەرپرسیارە لە دابینكردنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەوەش ئێمە هەموو كارێك دەكەین. خەندەقەكەش هەر بۆ ئەم ئامانجە لێدراوە، نەك بۆ دژایەتی هیچ حیزبێك."

هەواڵی پەیوەندیدار