دڵشاد شەهاب: سبەی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیدا رێککەوتن واژۆ دەکەین... پێمان خۆشە یەکێتییش بەشداری کابینەی نوێ بێت
__2014_04_27_h20m55s46__BA.jpg)
هەولێر- تایبەت بە KDP.info- ئەندامێکی شاندی دانوستاندکاری پارتی دەڵێت، کۆبوونەوەی سبەی دووشەممەیان، بە مەبەستی ئیمزاکردنی رێککەوتنە لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیدا، ثیوەست بە بەشدارییان لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.
ئەندامی لێژنەی دانوستاندکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵشاد شەهاب لە لێدوانێکدا بۆKDP.infoگوتی: "کۆبوونەوەی ئێمە بەیانی بە مەبەستی ئیمزا کردنی رێککەوتنە بۆ ئەوەی بەر لەهەڵبژاردنەکان مژدەیەکی تری خۆش بە خەڵکی کوردستان بدەین کەوا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە یەکگرتووی ئیسلامی بەشداری لە حکوومەتدا دەکات، هەروەک و چۆن ئەمڕۆ هەڵوێستی فراکسیۆنیشیان بووە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، کەوا بەشداری لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی پەرلەمانی کوردستانیش دەکەن، کە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بەرێوە دەچێ.
لەبارەی داواکاریی یەکگرتوو بۆ گۆڕینی وەزارەتەکەیان، دڵشاد شەهاب، گوتی "ئێمە گەیشتووینەتە دەرئەنجامێکی کۆتایی لەگەڵ یەکتری، بەڵام بەیانی دوای گفتوگۆکان بە یەکجاری دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە رادەگەیەنرێت، هەڵبەت بە شێوەیەکی مبدەئی گەیشتووینەتە ئەو ئیتفاقە کە بەیانی رێک دەکەوین.
سەبارەت بە رێککەوتنی پارتی لەگەڵ هەرسێ لایەنی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و مانەوەی یەکێتی لە دەرەوەی ئەم بازنەیە، دڵشاد شەهاب گوتی 'وەک سیاسەتی پارتی هەر بەردەوامین بەو ئاراستەیەی کە پێمان خۆشە کە چۆن بەیانی یەکگرتووی ئیسلامییش یەکلا دەبێتەوە، هەموو لایەنەکانی کوردستان بەشدار بن لە کابینەی هەشتەم. پێمان خۆشە یەکێتیی نشتمانیی کوردستانیش وەکو هەموو ئەو لایەنانەی کە لە کوردستان هەن و براوەی هەڵبژاردنن بەشداری کابینە ببن."
پێوەست بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی و ئەگەری کاریگەری بەسەر پێکهێنانی حکومەت و رێککەوتنی لایەنەکان، دڵشاد شەهاب گوتی، "بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی لە نێوان هەڵبژاردنی سیی مانگ و پێکهێنانی حکوومەتدا نییە، هیچ کاریگەرییەکی دەرەنجامەکان کاریگەری بەسەر پێکهێنانی حکوومەتەوە نابێ و هەموو ئەو رێککەوتنانەی کە کراون و ئەوانەی کە ماویشن و دەکرێن، لەسەر بنەمای گفتوگۆکانی رابردوو بەو پێوەرانەی رابردوو کە هەبوونە لە ئیستحقاقی ئینتیخابی هەمیش لە حیساب بۆکردنی ئەو ئاراستەیەی کە هەموو هێزەکان بەشدار بن و، ئەو مرونەتەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان پیشانی داوە کە جێگای خۆیەتی شانازی پێوە بکەین و باسی بکەین، لە غەیری ئەمانە هیچ مەسەلەیەکی تر نییە."
ئەو جەختی کردەوە کە، "چاوەڕوانی ئەوەش ناکرێ کە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ڕابگەیەنرێن و ببن بە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنی تازە، چونکە ئەم ڕێککەوتنانە لەسەر بنەمای دەرەنجامەکانی پێشووە." گوتیشی "ئەم پرۆسەیە وەکو خۆی بەردەوام دەبێت و سێشەممەی داهاتوویش پەرلەمان کۆ دەبێتەوە و هەنگاوی دواتر زۆر بە خێرایی هەنگاو دەنێین بۆ ناوهێنان و راسپاردنی سەرۆکی حکوومەت بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە."




