سەركردەیەكی لیستی عێراقییە: پاش جەژن لێپرسینەوە لە مالیكی دەكەین و باوەڕمان بە چاكسازییەكەی نییە

سەركردەیەكی لیستی عێراقییە كە پاڵێوراوە بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، دەڵێت كە هێنانی هێز بۆ سەر كوردستان تاكڕۆیی و نادەستوورییە.
پەرلەمانتار تەڵاڵ زەوبەعی ڕوونیشی دەكاتەوە: لە كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكان بۆ ئیدانەكردنی مالیكی تەواو بووین، پاش جەژن لێپرسینەوە لە سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق دەكەین.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركردە لە لیستی عێراقییە تەڵاڵ زەوبەعی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر ڕایگەیاند كە لیستەكەی زۆر باوەڕی بە وەرەقەی چاكسازییەكەی سەرۆكی حكوومەت و هاوپەیمانیی نیشتمانی نییە و پێیشی وایە چاكسازیی لە سەردەمی نووری مالیكیـدا ئەستەمە.
گوتیشی: ئێمە تا ئێستا هیچ وەرەقەیەكی چاكسازییمان لە لایەن هاوپەیمانیی نیشتمانییەوە پێ نەگەییشتووە، هەرچەندە ئێمە زۆر پێی گەشبین نین و باوەڕمان وا نییە شتێكی زۆر لە بارودخی ئێستای عێراق بگۆڕێت.
هۆكاری ئەمەیشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی كە ئەو وەرەقەیە زیاتر بۆ پەراوێزخستنی ڕێككەوتننامەی هەولێر و ڕاكردنە لە جێبەجێكردنی.
ئەو سەركردەیەی لیستی عێراقییە، لە درێژەی قسەكانیدا دەیشڵێت كە پێشمەرجی سەرەكیی لیستی عێراقییە بۆ قبووڵكردنی هەر وەرەقەیەكی چاكسازی، جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی هەولێرە و پێیشی وایە كە ئەمە بۆچوونی هاوپەیمانەكانیشیانە لە هاوپەیمانیی كوردستانی و ڕەوتی سەدرییەكان.
ئەو ڕەخنە لە وەرەقەی چاكسازییەكەی هاوپەیمانی نیشتمانی دەگرێت بەوەی زۆر ڕوون نییە و بەپێی زانیارییەكان تا ئێستا گەییشتووەتە 70 بڕگە. مەترسیی خۆی و لیستەكەیشی نەشاردەوە لەوەی كە هاوپەیمانیی نیشتمانی بیەوێت وەرەقە چاكسازییەكەی خۆی جێگەی دەستوور بگرێتەوە.
دووپاتیشی كردەوە: بۆ چوونەنێو هەر ڕێككەوتنێكی دیكەوە، مەرجی ئێمە جێبەجێكردنی پێشوەختی ڕێككەوتننامەی هەولێرە.
حكوومەتی عێراق خۆی لە مەسەلە لاوەكییەكان هەڵدەقورتێنێت
تەڵاڵ خزێر زەوبەعی لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر لەمەڕ هەوڵەكانیان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووری مالیكی ئاشكرای كرد كە سەرجەم بەڵگە و بەڵگەنامە و شاهێد و پێداویستییەكانی لێپرسینەوەیان لە مالیكی تەواو كردووە و پاش جەژنی ڕەمەزان داوای لێپرسینەوەی لە پەرلەمان لێ دەكەن لەسەر پێنج دۆسییە كە ئەمانەن: مافەكانی مرۆڤ و پێشێلكردنیان. بەڕێوەبردنی دەوڵەت و كەموكورتییەكانی. پێشێلكردنی دەستوور. گەندەڵی بە تایبەت كارەبا.
نەپاراستنی هاوسەنگی لە عێراقدا. ئەو بەرپرسە گوتیشی كە ئەو پێنج دۆسییە، بڕبڕەی پشتی لێپرسینەوەكانیان دەبن.
سەركردەكەی لیستی عێراقییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە كۆتایی قسەكانیدا لەسەر هێنانی هێز بۆ سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لە نزیك مووسڵەوە، ئەوەی بە تاكڕۆیی زانی و گوتی: هۆكاری ئەو كێشەیە تاكڕۆیی و سەپاندنی حكوومەتی ناوەندە بە سەرۆكایەتیی مالیكی و نەگونجانییەتی لەگەڵ دەستووری عێراق و دەستبردنە بۆ مافەكانی ئەوانی دیكە.
هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە سەرۆكی حكوومەتی عێراق كار بۆ دروستكردنی كێشە دەكات بۆ پەردەپۆشكردنی شكستەكانی. ڕوونیشی كردەوە: حكوومەتی عێراق خۆی لە مەسەلە لاوەكییەكان هەڵدەقورتێنێت بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو شكستانەی كە ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبووندان.




