ھەڵگورد حیکمەت: ھەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ دەنگدانی ھێزەکانی پێشمەرگە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی پێشمەرگە ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ بەشداریکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و، ھەموو ھێزەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە سبەی ئامادە بن.
بەرێوبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەڵگورد حیکمەت، بەkdp.info-ی راگەیاند: بڕیارە سبەی ھێزەکانی پێشمەرگە دەنگی خۆیان بدەن، بۆئەم مەبەستەش بنکەی تایبەت لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بۆیان دانراوە و چاوەڕوان دەکرێت، پرۆسەی دەنگدانەکە زۆر بە شێوەیەکی ئاسایی و پێش تەواوبوونی وادەی خۆی تەواو بێت.
ھەڵگور حیکمەت گوتیشی: یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێمە تاوەکو ئێستا زۆر لە ھێزەکانی پێشمەرگە ناوی نەگەڕاوەتەوە و لە سلکی مەدەنی دەنگی خۆیان دەدەن، بۆیە ناتوانرێ دیاری بکرێت ژمارەی ئەو پێشمەرگانە چەندن کە سبەی دەنگی خۆیان دەدەن، سەرەڕای ئەمەش زۆر روِونە کێ سبەی دەتوانێ دەنگی خۆی بدات لە ریزی ھێزەکانی پێشمەرگە و ئەوانەی دیکەش دیارن کە لە سلکی مەدەنی دەنگ دەدەن.
روونیشی کردەوە، ئێمە لای خۆمان تەواوی ئامادەکارییەکانمان کردوە و ئاگاداری ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگەمان کردووەتەوە کە ئامادە بن بۆ ئەوەی بچن لەو شوێنەی بۆیان دیاری کراوە دەنگی خۆیان بدەن.
بڵند ئیبراھیم




