٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: دەنگ لە ئێوە و ئاوەدانی و مسۆگەرکردنی داهاتوویێکی گەش لە ئێمە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی لایەنگر، ئەندام و هەوادارانی پارتی لە دهۆکدا کرد و پێی ڕاگەیاندن "ئێمە بە ئێوە دەڵێین دەنگ لە ئێوە و کار و خزمەتیش لە ئێمە و دەنگ کاندیدان یپارتی بدەن تا بتوانین خزمەتی زیاتری ئێوە بکەین."

لە وتارێکیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە دهۆک ساز درا، جێگری سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە جەماوەری پارتی لە دهۆکی ڕاگەیاند، "بە هۆی وێرانکارییەوە، دوێنێ خەڵک لە کوردستان دەڕۆیشت و ئەمڕۆ بۆی دەگەڕێنەوە، دوێنێ کوردستان وێران بوو و ئەمڕۆ ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێتەوە. ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی پێشمەرگەکانەوە وڵات ئاوەدانە و ئەگەر پارتییش نەبوایە دەستوور بە ویستی کورد نەدەنووسرایەوە، بەڵام قۆناخێک بوو دەبوو تێپەڕیبایە و بە هەوڵی پارتی و سەرۆکی پارتییش مافەکانی کورد لە دەستووردا نووسرانەوە."

پێوەست بە بابەتی ئابووری و تایبەت بواری نەوت کە زۆر جار کەوتووەتە بەر ڕەخنە، نێچیرڤان بارزانی گوتی "ئەوی ئێمە لە بواری نەوتدا کردوومانە بەپێی یاسا بووە. بابەتی بڕینی بودجەیش بۆ بەچۆکداهێنانی ئێمەی کوردە، بەڵام دەستەڵاتدارانی بەغدا نازانن کە ئێمە پەیمانمان داوە کە چۆک دانادەین و ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی گەلەکەمانە."

زیاتر گوتی "ئەو کۆمپانیایانەیش کە دەڵین بۆ بەرژەوەندیی تاکە کەسانێکە، دڵنیاتان دەکەمەوە کە بەپێی دەستوور کار لە بواری نەوتدا کراوە و بۆ بەرژەوەندیی گشتییە."

سەبارەت بە نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران، نێچیرڤان بارزانی ڕوونی کردەوە "بودجە وەك گوشار دژی كورد بە كار هێنراوە و بودجەی مانگەكانی یەك، دوو، سێ و چواری ئەمساڵ بە تەواوی نەنێردراون، بۆیە رەنگە مووچە دوا بكەوێت، بەڵام دڵنیاتان دەكەینەوە كە نافەوتێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمووی دابین دەكات".

جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاند، ئامادەین بۆ خزمەتكردنی زیاتری میللەتی خۆمان. گوتیشی "ئەمڕۆ كورد لە سەرتاسەری كوردستان سەربەرزە و بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاو دەنێین."
ئاماژەیشی دا، هەرێمی كوردستان جیددییە لە جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، بەڵام تاوەكو ئێستا سیستمی فیدراڵی بە تاوەتی جێبەجێ نەكراوە.

ئەو هاوکات بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی ئێستا و چارەکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە کێشەدارە، نێچیرڤان بارزانی بە جەماوەری بەرفراوانی پارتی لە دهۆک و هاووڵاتیانی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئێمە پێویستە پەیمان نوێ بکەینەوە و وەک وەفاداریمان بۆ خوێنی شەهیدان بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بچین و دەنگ بدەین بە هەردوو لیستی پارتی 213-ی پەرلەمانی عێراق و 76-ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.پێویستە بۆ دوژمنانی نیشان بدەین کە تا گەیشتن بە تەواوی مافەکان بەردەوام دەبین."

 

هەواڵی پەیوەندیدار