زانیاری لەسەر چۆنیەتیی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكان

بەغدا- KDP.info/ پرۆسەی دەنگدان لە 7-ی بەیانی تا 6-ی ئێوارە دەبێت و ماوەی دەنگدانیش درێژ ناكرێتەوە. لەو پرۆسەیەدا ئامرازی لێكۆڵینەوە لە كارتی ئەلیكترۆنی، تایبەت بە پرۆسەی دەنگدان، بەرنامەی بۆ دارێژراوە كە لە سەعات شەشی ئێوارە لە كار بكەوێت و دابخرێت. ئەمەش وا دەكات ئەوەی لە تابوریش وەستاوە ناتوانێت دەنگی خۆی بدات. واتا 11 سەعات تەرخان كراوە بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی، بەمەش پرۆسەی دەنگدان لە هەموو بنكەكانی دەنگداندا لە یەك كاتدا كۆتایی دێت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند کە كۆمەڵێك رێوشوێنیان گرتووەتە بەر كە رێگە لە هەر ساختەكارییەك دەگرێت لە پرۆسەی دەنگدانی هەلبژاردنەكانی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، یەكەم رێوشوێن كە بە تەواوی رێگرە لە ساختەكردن بەكارهێنانی كارتی ئەلیكترۆنییە لەلایەن دەنگدەرەوە، هەروەها ئەو ئامێرەی كە دیاریی كراوە بۆ خوێندنەوەی كارت كە بەپێی ئەم كارتە خاوەنی راستەقینەی كارتەكە بە كاری دەهێنێت و كەس ناتوانێت لە شوێنی ئەو كەسە دەنگ بدات، چونكە دەنگدەر بەڵگەنامەیەكی دیكەی پێ دەبێت جگە لە كارتی ئەلیكترۆنی وەك ناسنامەی باری شارستانی یان رەگەزنامە یان پاسەپۆرت بۆ تەئكیدبوون لە كەسایەتیی هاووڵاتییەکە. دوای دەنگدانیش لە وێستگەی دیاریكراو، ئەم كارتە بۆ ماوەی یەك مانگ پەكی دەكەوێت و ناتوانرێت بەو كارتە دەنگ بدرێت.
بەپێی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لیستی كاندیدانی هەلبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ژمارەیان 9040 نۆهەزار و چل كاندیدە و كاندیدەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش ژمارەیان 713 كاندیدە. بەپێی ئەم ژمارانە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەی پاڵێوراوانی پیاو گەیشتووەتە (6425) پاڵێوراو، ژمارەی پاڵێوراوانی ژن (2607) ئافرەتە و كێبڕكێی بەدەستهێنانی (328) كورسی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی داهاتوو ئەكەن.
كورسییە گشتییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران (320) كورسییە و (8) كورسیی كەمینەكانە و لەو هەشتانەش (5) بۆ كەمینەی مەسیحییەكانە و (3) كورسیشی دابەش بووە بەسەر شەبەك و ئێزدیەكان و سابیئەكان. لەم پرۆسەیەدا زیاتر لە 8000 بنكەی دەنگدان واتا زیاتر لە 55 هەزار وێستگەی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراق بۆ ئەنجامدانی دەنگدانی گشتی دەكرێتەوە، بۆ دەنگدانی تایبەتیش 500 بنكەی دەنگدان واتا زیاتر لە 2900 وێستگەی دەنگدان 1540 چاودێری نێودەوڵەتی بەشداری چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دەكەن.
ئەمڕۆ یەكشەممەی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ هاووڵاتیانی عێراق ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن دەستی پێ كرد و ماوەی دوو رۆژ دەخایانێت، لەم پرۆسەیەدا 785 هەزار دەنگدەر مافی بەشداریكردنی هەیە كە 102 بنكەی هەڵبژاردن كە لە 654 وێستگە پێك دێت لە 70 شار لە 19 وڵات پرۆسەكە بەڕیوە دەچێت.
یەكەی هەڵبژاردنەكان لە دەرەوە سەرپەرشتیی نووسینگەكانی هەڵبژاردن لە 14 وڵات دەکات ئەوانیش ئەمەریكا و بەریتانیا و ئەلمانیا و سوید و هۆلەندا و كەنەدا و ئوسترالیا و دانیمارك و توركیا و ئێران و ئوردن و ئیمارات و لوبنان و میسرن، 5 بنكەی دیكەش لە نەمسا و ئیسپانیا و فەرەنسا كە بە نووسینگەی ئەڵمانیا بەستراون كرانەوە و نۆروێژیش بە نووسینگەی سوید و نیوزلەندا بە نووسنگەی ئوسترالیاوە بەستراونەتەوە.
ن. جەبەلی




