٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: بۆداهاتوویەکی گەشتر، دەنگ بدەن بە هەردوو لیستی 213 و 76

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.inf-سەرۆک بارزانی داوا لە ئەندا و لایەنگر و هەوادارانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، بە گوڕوتینەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە هەردوو لیستی 213 و 76. هاوکات ڕایدەگەیەنێت، "پارتی بۆ ئەوە دامەزرا گەلی كورد ئازاد بێت و خۆی بڕیاری خۆی بدات و كەس لە جیاتی ئەو بڕیار نەدات. سوپاس بۆ خوا کە بە پشتیوانیی گەلەکەمان هەنگاوی گرینگمان بڕیوە، ئێستاش بەهێزبوونی پارتی بەهێزبوونی کوردستانە، بۆیە بە دەنگدان بە کاندیدەکانی پارتی بەشداربن لە نەخشەکێشان بۆ داهاتوویەکی گەشتر و باشتر بۆ گەل و وڵاتەکەمان"

 

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئەندام و لایەنگر و هەوادارانی پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان

بە خۆشحاڵییەوە گەلەکەمان دوای چەند ڕۆژێکی تر، لە30ـی4ـی2014، بەرەو ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردنی گرینگی دیکە هەنگاو دەنێت و قۆناخێکی دیکە بۆ پتەوکردنی پایەکانی دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا تێدەپەڕێنین. هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگەکان زۆر گرینگ و چارەنووسسازن بۆ بەهێزتر کردنی پێگەی کوردستان و باشترکردنی ئیدارەی پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان.

لێرەوە داواتان لێ دەکەم بە گوڕوتینەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن و ویژدانی خۆتان بکەنە حەکەم، دەنگ بە هەر دوو لیستی 213 و 76 بدەن، خۆتان ئازادن لەناو ئەو دوو لیستەدا دەنگ بە کام کاندید بدەن.

پێویستە ئەندام و لایەنگرانی پارتی وەک هەمیشە لە هەمووان زیاتر پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن. داواتان لێ دەکەم هه‌موو یاساكانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌یره‌و بكه‌ن و پابەندی ڕێنماییەکان بن.

پێویستە لە ڕۆژی دەنگداندا زۆرترین بەشدارییان هەبێت، خۆتان و کەسوکارتان، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بچن بەرەو سندووقەکانی دەنگدان، داوا لە ئافرەتان و گەنج و لاوان دەكەم بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی هەڵبژاردنەكان بن دەنگ بە نوێنەرکانتان لە هەر دوو لیستی 213 و 76 بدەن.

خۆشەویستان

پارتی بۆ ئەوە دامەزرا گەلی كورد ئازاد بێت و خۆی بڕیاری خۆی بدات و كەس لە جیاتی ئەو بڕیار نەدات. سوپاس بۆ خوا کە بە پشتیوانیی گەلەکەمان هەنگاوی گرینگمان بڕیوە، ئێستاش بەهێزبوونی پارتی بەهێزبوونی کوردستانە، بۆیە بە دەنگدان بە کاندیدەکانی پارتی بەشداربن لە نەخشەکێشان بۆ داهاتوویەکی گەشتر و باشتر بۆ گەل و وڵاتەکەمان، دڵنیا بن پارتی لە خەباتی بەردەوام دەبێ و ناوەستێ هەتا ئاواتی شەهیدە نەمرەكانمان و خوێنی بەناحەق ڕژاوی هەڵەبجە و ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەكاتە هەوێنی ئاییندەیەكی گەش بۆ كورد و كوردستان و نەوەی داهاتوو.

بژی كورد، بژی كوردستان، نەمری بۆ شەهیدان.

 

مسعود بارزانی

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار