روونكردنەوەی ئاسایش لەسەر خەندەقەكەی هەولێر

هەولێر-KDP.info-بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، پشتێنەی ئەمنیی شاری هەولێر بابەتێكی ئەمنییە و بە مەبەستی دابینكردنی ئاسایش بۆ شاری هەولێر و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و رێگرتن لە دزەكردنی تیرۆرستان چەندین ساڵە لە دەوروبەری هەولێر لێ دراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر روونكردنەوەیەكی لەبارەی خەندەقەكەی هەولێر، كە بە پشتێنەی ئەمنی وەسفی دەكرێت بڵاو كردووەتەوە و جەخت دەكاتەوە کە هیچ مەبەستێكی سیاسی لە پشتەوە نییە.
لە روونكردنەوەكەدا ئاماژە دراوە كە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە و باس دەكرێت درێژكراوەی هەمان خەندەقە بۆ سنوورێكی فراوانتر. دەقی روونكردنەوەكە:
روونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
چەند رۆژێكە لە هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن باس لە پشتێنەی ئەمنیی دەوری شاری هەولێر دەكرێت، گوایە مەبەستی سیاسیی لە پشتەوەیە، لێرەدا دەمانەوێت بە هاووڵاتیانی خۆشەویستی رابگەیەنین كە پشتێنەی ئەمنیی شاری هەولێر بابەتێكی ئەمنییە و بە مەبەستی دابینكردنی ئاسایش بۆ شاری هەولێر و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و رێگرتن لە دزەكردنی تیرۆرستان چەندین ساڵە لە دەوروبەری هەولێر لێ دراوە، چونكە هەڵكەوتەی جوگرافیی شاری هەولێر لە هەموو لایەك كراوەیە و دەشتاییە، هەروەك چۆن پشتێنەیەكی ئەمنی لە دەوری شاری كەركووك لێ درا كە بە كارێكی باشی دادەنێین و ئومێد دەكەین ببێتە هۆی كەمكردنەوەی كاری تیرۆرستی لە شاری كەركووك، ئەوەی ئێستاش باسی لێوە دەكرێت تەنیا گواستنەوەی شوێنی ئەم پشتێنەیەیە بەهۆی فراوانبوونی سنووری شاری هەولێر بە شێوەیەك كە رووبەرێكی فراوانتر بگرێتەوە و بە شێوەیەكی بازنەیی هەر چوار دەوری شاری هەولێر بگرێتەوە و (18) بازگە لەسەر ئەم پشتێنە ئەمنییە هەیە، ئەوەش وەك كارئاسانییەك بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان لە دەوروبەری شاری هەولێر.




