٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: چۆك دانانێین بۆ گوشارەكانی بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیەنێ، چۆك دانانێین بۆ گوشارەكانی حكوومەتی ناوەند و، باشترین وەڵام بۆ دەستەڵاتدارانی بەغدا، بەشداریكردنتانە لە دەنگدان.

 جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە میانەی بەشداریكردنی لە ئاهەنگی بانگەشەی پارتی لە زاخۆ رایگەیاند، كاروانی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان ناوەستێت و سندووقەكانی دەنگدان كێشەكان چارەسەر دەكەن.

 سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "چاوەڕێ نەبووین بەغدا بودجە و مووچە بكاتە گوشار لەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە چۆك دانانێین بۆ گوشارەكانیان." گوتیشی "باشترین وەڵام بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا، بەشداریكردنتانە لە دەنگدان".

 لە ئاهەنگەكەدا هاونیشتمانیان داوایان لە نێچیرڤان بارزانی كرد زاخۆ بكرێتە پارێزگا، لە وەڵامیشدا ناوبراو گوتی "وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ جێبەجێكردنی داواكەتان."

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ له‌ زاخۆ به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و كه‌مال كه‌ركووكی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی و كاندیدانی هه‌ردوو لیستی 213 و 76ی پارتی دیموكراتی كوردستان و جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوانی شاری زاخۆی ده‌لال، ئاهه‌نگێكی جه‌ماوه‌ری بۆ پشتیوانیكردن له‌ لیستی دووسه‌د و سێزده‌ و حه‌فتاوشه‌ش بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌ چوو.

 له‌ به‌رایی ئاهه‌نگه‌كه‌دا سه‌ربه‌ست له‌زگین به‌رپرسی لقی هه‌شتی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یڤی به‌خێرهاتنی پێشكه‌ش كرد و هاوكات باسیی له‌ خه‌بات و قوربانیدانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ كرد و دووپاتیشی له‌ پشتیوانیكردن له‌ لیسته‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرده‌وه‌.
پاشان نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و له‌ به‌رایی گوته‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی به‌خێرهاتنی گه‌رمی ئاماده‌بووان و جه‌ماوه‌ری ناوچه‌كه‌ی كرد و رایگه‌یاند كه‌ زاخۆ بۆ پارتی جێگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ بۆ خه‌بات و قوربانیدان و هه‌روه‌ك خه‌باتی شه‌هیدانی ناوچه‌كه‌ی له‌ پێناو ئازادی و سه‌ربه‌ستی به‌رز نرخاند.
دواتر نێچیرڤان بارزانی هاته‌ سه‌ر باسكردنی دۆخی هه‌ڵبژاردن و رایگه‌یاند كه‌ جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ كه‌ كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی سندووقی ده‌نگدانه‌وه‌ یه‌كلایی ده‌بنه‌وه‌ و به‌ ئازادی باس له‌ كێشه‌كان ده‌كه‌ین و گوتیشی پێویسته‌ په‌رله‌مانتاران له‌ به‌غدا به‌رگری له‌ ماف و داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد له‌ نێو ده‌ستووری هه‌میشه‌یی بكه‌ن و بۆیه‌ به‌شداریكردن له‌ ده‌نگدان به‌رپرسیاره‌تییه‌كی ئه‌خلاقی و مێژوویه‌ و له‌م رووه‌شه‌وه‌ روونیشی كرده‌وه‌ كه‌ پارتی بۆ خزمه‌تی گه‌لی كورد دامه‌زراوه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هاته‌ سه‌ر باسكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و له‌م رووه‌شه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ به‌غدا شه‌ڕی ئابوری گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و شه‌راكه‌ت بووین نه‌وه‌ك بڕینی مووچه‌ و بودجه‌ و هاوكات به‌كارهێنانی بوجه‌ وه‌ك كارتی فشار.
نێچیرڤان بارزانی هاوکات گوتی: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر گوشاره‌كانی به‌غدا چۆك ناده‌ین و بێ گومانیش كێشه‌ی مووچه‌ و بودجه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، پشتیوان به‌ خواو ئێوه‌ و ئه‌م قۆناغه‌ش تێپه‌ڕ ده‌كه‌ین و ده‌بێ رۆژی هه‌ڵبژاردن به‌ ده‌نگدان به‌ لیسته‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، وه‌ڵامی به‌غدا بده‌نه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س نه‌توانێ جارێكی تر به‌ بڕیاری تاكڕه‌وانه‌ مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ببڕێ.
له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمیش له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیا، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند كه‌ له‌م سه‌ردانه‌ی ئه‌م دوایه‌مان بۆ ئه‌و وڵاته‌ بڕیاری كردنه‌وه‌ی چه‌ندین ده‌روازه‌ی بازرگانی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا درا، كه‌ به‌شی زۆریان ده‌كه‌ونه‌ زاخۆ و پارێزگای دهۆك به‌ گشتی، به‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌روازانه‌یش، جموجۆڵی بازرگانی به‌رفراوانتر ده‌بێ. سه‌باره‌ت به‌ پارێزگابوونی زاخۆش، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ توانا بێت ده‌یكه‌ین و په‌یامی ئێوه‌ش له‌م باره‌وه‌ گه‌یشت.
له‌ به‌شی كۆتایی قسه‌كانیدا، جێگری سه‌رۆكی پارتی ئاشكرای كرد كه‌ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆتایی نزیك بۆته‌وه‌ و له‌م روه‌شه‌وه‌ پارتی به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی هه‌مووان، سنگ فراوانی زۆری نواندووه‌، پاشان ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌ گۆرانی و شایی و هه‌ڵپه‌ركێ به‌رده‌وام بوو.   

هەواڵی پەیوەندیدار