٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن: 28ـی مارس، بانگەشەی هەڵبژاردنەكان ڕادەگیرێت

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئۆفیسی سلێمانیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئەمڕۆ چەند ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان و بەڕێوەچوونی هەردوو هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە، 28ـی مارس، بانگەشەی هەڵبژاردنەكان ڕادەگیرێت.

 

ڕەنج شكور، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن گوتی: سەعات 7ـی بەیانیی ڕۆژی 28ـی مارس، بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ڕادەگیرێت لە ڕۆژی دوای ئەو بەروارەش واتە ڕۆژی 29ـی مانگ، بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕادەگیرێت.

گوتیشی: "پڕۆسەی دەنگدانی گشتی لە سەعات 7ـی بەیانیی ڕۆژی 30ـی نیسان دەست پێدەكات تاكو سەعات 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، لەو كاتەش بەدواوە هیچ هاووڵاتییەك مافی دەنگدانی نامێنێت".

بە گوتەی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئۆفیسی سلێمانیی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ئەو ئامێرەی دانراوە بۆ خوێندنەوەی كارتە ئەلكترۆنییەكانی تایبەت بە دەنگدان، لە سەعات حەوتی بەیانییەوە بۆ سەعات شەشی ئێوارە كار دەكات و لە دوای ئەو كاتەوە لە كاركردن دەوەستێت.

ڕاشیگەیاند كە قەڵەمێكی تایبەت دانراوە بۆ واژۆكردنی ئەو هاونیشتیمانیانەی دەیانەوێت دەنگ بدەن، بە پێچەوانەشەوە هەر هاووڵاتییەك لە كاتی پڕۆسەی دەنگداندا بەو قەڵەمە تایبەتە واژۆكەی نەكات، ئەوا دەنگەكەی ئەژمار ناكرێت.

سەبارەت بە ڕووماڵی پڕۆسەكەش لەلایەن كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە، ڕەنج شكوری ئاشكرای كرد، چەند ناوەندێكی دەنگدانمان دیاری كردووە بۆ ئەوەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن ڕووماڵی ڕاستەوخۆی پڕۆسەكەی تێدا ئەنجام بدەن. هاوكات باسی لەوەش كرد كە هەموو ڕۆژنامەنووسێك ئەگەر ئەو باجەی هەبێت كەوا كۆمیسیۆن بۆی كردووە، مافی هەیە سەرجەم ناوەندەكانی دەنگدان بەسەر بكاتەوە و لە نزیكەوە چاودێریی پڕۆسەكە بكات.

سلێمانی/ ئارمان مەلازادە

هەواڵی پەیوەندیدار