٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. كەمال كەركووكی: كەس ناتوانێ مێشكی كەس زیندانی بكات و بڵێ تۆ دەبێ هەتا سەر، لەناو ئەم تەنزیمە بی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان د. كەمال كەركووكی ڕایگەیاند، ئەو خوشك و برایانەی كە هاتوونەتە ناو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان  قەناعەتیان بەو رێبازە پاك و دروستەی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی هەیە و دەیانەوێ‌  بەردەوامی بە خەبات و تێكۆشان بۆ داهاتووی باشتری كوردستان بدەن.

 

د. كەمال كەركووكی گوتی: ئەو خوشك و برایانەی كە دێنەوە، بە دڵنیاییەوە بە ئارەزووی خۆیانە و بێ هیچ گوشارێكە، بەڵكوو خۆیان قەناعەتیان بەو رێبازە پاك و دروستەی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی هەیە، هەموو میدیاكانیش بە تایبەت ئەوانەی خۆیان پێ بێلایەنە، با بچن لەگەڵ ئەو كەسانەی كە هاتوونەتە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە تا بەردەوامی بدەن بە خەبات و تێكۆشان بۆ داهاتووی باشتری كوردستان، لەگەڵ خۆیان چاوپێكەوتن بكەن و بیاندوێنن تا بۆ هەموو لایەك ڕوون بێتەوە كە ئەوەی باس دەكرێ ئەسڵ و ئەساسی نییە و ئەوانەش هەموویان ئینسانی پاك و دڵسۆز و خاوەن كەرامەتن و بە هەموو سەروەت و سامانی دنیا كەرامەتی خۆیان ناگۆڕنەوە. كەركووكی هەروەها ڕوونیشی كردەوە: ئێمە رێزمان بۆیان هەیە و هیچ كەسێكیش ناتوانێ مێشكی كەس زیندانی بكات و بڵێ تۆ دەبێ هەتا سەر لەناو ئەم تەنزیمە بی، خۆ ئەمە تەنزیمی هیتلەری نییە، مادام باسی دیموكراسی دەكەین ئینسان دەبێ مێشكی ئازاد بێ، خۆیشی كوێی پێ خۆش بێ، هەزار جار پیرۆزی بێ.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیشی دا: ئێستا لە هەموو كوردستان خەڵكێكی زۆر پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكەن و پێیان خۆشە بە ئارەزووی خۆیان بێن لە ریزەكانی پارتی و لەژێر سەركردایەتیی رێزدار كاك مەسعود بارزانی كار بكەن، ئێمەش پێشوازییان لێ دەكەین و زۆر بەخێر بێن، جێگای رێز و ئیحترامن و یەكێكن لە دڵسۆزانی ئەو حزبە.

سەبارەت بە هاتنەناوەوەی رێژەیەكی زۆری ئەندامان و هەوادارانی لایەنەكانی تری كوردستان بۆ ناو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و رانەگەیاندنی، كەركووكی گوتی: ژمارەیەكی یەكجار زۆر ڕوویان لە پارتی كردووە، ئێمە هەموویان بەبێ جیاوازی وەردەگرین و رێزیان لێ دەگرین، چۆن رێز لە شەخسی خۆمان و لە كادیرەكانی خۆمان دەگرین، بە هەمان شێوە رێز لەوانیش دەگرین و هەموو پلە و پایەیەكیشیان پارێزراو دەبێ وەك پێشتر هەیانبووە، ئێمەش بەوپەڕی ڕێزەوە سەیریان دەكەین و دەست بە كاری خۆیان دەكەن.

گوتیشی: ئەو كەسانە نەك تەنیا لە ریزەكانی لایەنێكی سیاسییەوە، بەڵكوو لە گشت لایەنەكانەوە ڕوویان لە پارتی كردووە، چونكە رابردووی پارتی دیارە و ئەگەر سەیری رابردووی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین ئەو پارتەیە كە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی بەرپا كرد، ئەو پارتەیە كە لە پەرلەمانەكەی فیدراڵیی جێگیر كرد ئەو پارتەیە كە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و راپەڕین و سۆران و ئاكرێی بە بریاری پەرلەمان كە زۆرینەی پارتی بوو لەو سەردەمەدا دەركرد و ئەمڕۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش جێگیر بووە و ئەوانی تریش جێگیر دەبن. هەر ئەم پارتەش بوو كە لە ئەنجوومەنی حوكمی عێراق تەسبیتی ئەوەی كرد كە فیدراڵیی كوردستان دەبێ جێگیر بێ و نابێ وەك 18 پارێزگا لەگەڵ مەركەزدا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ، ئەو پارتە خاوەنی خەباتی گشت چین و توێژەكانی  كوردستانە و یەكەمین پارتە لە كوردستان لە سەركردایەتییەكەیدا رۆڵی ئافرەت هەبووە، بۆ وێنە لەیلا قاسم كە شەهیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە داردرا لەبەر باوەڕی پاكی تەنازولی بۆ رژێمی دیكتاتۆری بەعس نەكرد.

كەركووكی هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پارتەیە كە بارزانیی نەمر ئاڵای كوردستانی لە كۆماری كوردستانەوە لە پێشەوا قازی محەمەد بە ئامانەت وەرگرت هەتا لەسەر بینای پەرلەمانی كوردستان و گشت دامودەزگاكانی كوردستان بشەكێتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پارتەیە كە رژێمی بەغدا هێزی بۆ ناوچەی خانەقین و مەندەلی و قەرەتەپە جووڵاند، بەڵام بە فەرمانی سەرۆك بارزانی رێگری لێ كرا و نەهێڵدرا بێنە پێشەوە.

گوتیشی: هەر لە سایەی پارتیدا ئەمڕۆ نەوتی كوردستان بە بۆری دەگەیەنرێتە وڵاتانی دەرەوە و بۆ جیهان دەنیردرێ و دەفرۆشرێ، كە بووەتە مایەی سەربەخۆبوونی ئابووریی كوردستان، ئەوە ئەو پارتەیە كە ئایندەی كوردستان بەرەو سەربەخۆبوونی تەواو دەبات كە ئێستا باسی كۆنفیدراڵی دەكات كە خەڵكانی تر خۆیانی لێ نادەن، ئەو پارتە بۆ بیری تەسكی ئەم و ئەو كار ناكات، بەڵكوو بۆ ئایندەی گشت تاكێكی ئەم كوردستانە بەبێ جیاوازی كار دەكات.

كەمال كەركووكی دۆست و لایەنگرانی پارتی و كوردستانیانیشی دڵنیا كردەوە كە بە پشتیوانیی خوا و جەماوەری خۆڕاگر، ئامادە بن بۆ ئاهەنگی گەورەی سەركەوتنی لیستی 213ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لیستی 76ـی ئەنجوومەنی پارێزگانی هەرێم.

هەواڵی پەیوەندیدار