بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی دوو ئاهەنگی گەورەی جەماوەری لە بادینان ساز دەكرێن

دهۆك- تایبەت بە KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی دوو ئاهەنگی گەورەی جەماوەری لە زاخۆ و دهۆك بۆ پشتگیریكردن لە هەردوو لیستی 213 و 76ـی پارتی دیموكراتی كوردستان ساز بكرێن و لە هەردوو ئاهەنگەكەشدا نێچیرڤان بارزانی بەشداری دەكات.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك مەسعوود سەرنی، بە kdp.infoـی راگەیاند: ئێستا كە بەرەو كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دەچین، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ لە زاخۆ و سبەیش لە دهۆك دوو ئاهەنگی جەماوەریی گەورە بۆ پشتگیریكردنی هەردوو لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان 213 بۆ پەرلەمانی عێراق و 76 بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچن، ئەمەش كۆتایی بانگەشەی ئێمە دەبێت.
مەسعوود سەرنی گوتیشی: لەم دوو ئاهەنگەدا جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بەشدار دەبێت و گوتار پێشكەشی جەماوەری بادینان دەكات.
سەرنی ڕوونیشی كردەوە، سەرەڕای ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر، لەم دوو ئاهەنگەدا كۆمەڵێك گۆرانیبێژی ناسراویش ئامادە دەبن.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە 30/4/2014 بەڕێوە بچێت.
بڵند ئیبراهیم




