٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی 3: وروژاندنی پرسی خەندەق بۆ داپۆشینی شکستەکانی خۆیانە... کەواتە کەرکووکیش لە دەورووبەری دابڕێندراوە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک- تایبەت بەKDP.info/ دەربارەی ھەندێک لێدوان کە گوایە ھەرێمی کوردستان بەنیازە، لە رێگەی لێدانی خەندەقێکەوە کەرکووک لە ھەرێمی کوردستان جیا بکاتەوە، بەرپرسی لقی 3-ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم لێدوانانە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، ھەندێک کەس دەیانەوێت لە رێگەی وروژاندنی ئەم پرسەوە شکەستەکانی خۆیان دابپۆشن.

بەرپرسی لقی 3-ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، محەممەد کەمال، بەkdp.infoراگەیاند: لێدانی ئەو خەندەقە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شاری ھەولێرە و وابەستەیە بە لیژنەی ئەمنیی شاری ھەولێر و ئەو لیژنەیە بڕیاری لەسەر دەدات و ھەر ئەو لیژنەیەیش توانیویەتی ئەو ئارامییە لە ھەولێر دروست بکات و ببێتە پایتەختی گەشتیاریی 22وڵاتی عەرەبی، تەنھا ھەولێر شوێنێکی ئارام بووە، بۆ ئەوەی ئەو نازناوەی پێ بدرێت، بۆیە دەستخۆشی لەو لیژنەیە و پارێزگاری ھەولێر دەکەین، کە ئەو جۆرە کارانە بۆ پاراستی ئەمنیەتی شاری ھەولێر دەکەن.

محەممەد کەمال ئاماژەشی دا، لێدانی ئەو خەندەقە پشتێنەیەکە لە لای مووسڵ و مەخمووریش لێ دراوە و جیاکردنەوەی کەرکووک نییە لە ھەولێر، بەڵکو بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شاری ھەولێرە و رێگا سەرەکییەکان ھەمووی بە ڕووی شاری کەرکووک کراوەن، ھەر ھاووڵاتییەکی کەرکووک یاخو پارێزگای مووسڵ یان ھەر شوێنێکی دیکە، بیەوێ بێتە ھەولێر لە بازگە سەرەکییەکان سەردانی ھەولێر دەکەن، نەک لە رێگەی دەشتاییەوە.

 بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک زیاتر گوتی: بەداخەوە ئەو لێدوانانەی باس لەوە دەکەن کەرکووک لەھەولێر جیا دەکرێتەوە، چەواشەکارانەیە و تەنھا بۆ بەدەستھێنانی چەند دەنگێکی چروکە و ھیچی دیکە نییە.

روونیشی کردەوە، لە کەرکووکیش بڕیاری لێدانی خەندەق درا، ئایە ئەمەش بۆ جیاکردنەوەی ئەو شارە بووە لە داقوق و حەویجە و دوبز، نەخێر، بەڵکو بۆ کۆنترۆڵی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک بووە، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای ئەمەش نەمانتوانی کۆنترۆڵی ئەمنیەتی شاری کەرکووک بکەین.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی: ئەم جۆرە لێدوانانە موزایەداتی ھەلبژاردنن و بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنە و رەنگە ئەم جۆرە کەسانە وا بیر دەکەنەوە بەم جۆرە لێدوانانە وەکو بنێشتەتاڵەی دەمی خۆیان، ھەرچیی کەموکوڕی شکستی خۆیانە بەم خەندەقەی دابپۆشن.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار