سەرۆک بارزانی بۆBBC: هەرگیز رۆژێك لە رۆژان دژی دانوستاندن نەبوومە
__2014_04_25_h11m36s29__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info/ لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی ئەلمەشهەدی تەلەڤزیۆنیBBC -ی بەریتانیایی، سەرۆک بارزانی باسی یەكەم دیداری خۆی و باوكی دەكات لە 6/10/1958، هەروەها لە هەڤپەیڤینەكەدا باسی ژیانی پێشمەرگایەتیی خۆی و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و شەڕی ناوخۆ دەكات، ئاماژە بە یەكەم دیداری و دیدارەكانی دواتری لەگەڵ سەددام حوسێن دەدات. بارزانی باسی راپەڕین، قۆناخەكانی دوای راپەڕین و رووخاندنی رژێمی پێشووی عێراقیش دەكات.
"دیدارم لەگەڵ باوكم گرنگترین رووداو بوو لە ژیانمدا"
لە سەرەتا هەڤپەیڤینەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، دەڵێت "دیدارم لەگەڵ باوكم گرنگترین رووداو بوو لە ژیانمدا، من كاتێك بەو ئاشنا بووم تەمەنم 12 ساڵ بوو، ئەو كات لە مۆسكۆ بەرەو قاهیرە دەگەڕایەوە و لەوێووە بەرەو بەغدا دەچوو، ئێمە لە فڕۆكەخانەی موسەننای بەغدا پێشوازیمان لێكرد، ئەوەندەی بیرمبێ زۆربەی خەڵكی بەغدا هاتبوونە پێشوازیكردنی، ئەوسا یەكێك لە هەڤاڵەكان ئاماژەی بۆ كرد و پێ گوتم ئەوە باوكی تۆیە، من لە منداڵی زۆر حەزم لە جۆرە شیرینەمەنییەك دەكرد و هەر جارێك پرسیاری باوكم لە دایكم دەكرد، ئەویش لە وەڵامدا پێدەگوتم ''باوكت چووەتە مۆسكۆ شیرینیت بۆ بهێنێت''.
"بە هەموو قۆناخەكانی پێشمەرگایەتیدا تێپەڕیم"
سەبارەت بە سەرەتاكانی تەمەنی پێشمەرگایەتی، بارزانی دەڵێت ''من لە 20/5/1962 پەیوەندیم بە ریزەكانی پێشمەرگەوە كرد و بۆ یەكەمجار لەو بارەگایەی باوكم لێی بوو چەكم هەڵگرت، ئەوكات باوكم بۆ یەكەمجار ئامۆژگاری كردم و پێ گوتم هیچ جیاوازییەك لە نێوان تۆ و پێشمەرگەیەكی دیكە نییە، پێویستە لەگەڵ پێشمەرگەكاندا بە هەموو قۆناخەكاندا تێبپەڕی، دواتر بە بەرپرسەكەمی ناساندم و پێ گوتم ئەو فەرمانت پێدەكات و پێویستە گوێڕایەڵی بی، لەو رۆژەوە من بە هەموو ئەو قۆناخانەدا تێپەڕیم كە پێشمەرگەیەكی دیك دەیبینی، وەك پاسەوانیكردن و رێكردن و ..هیتد، من لەگەڵ فەرماندەیی بارزانی بووم و ئەوان بۆ هەر شوێنێك رۆیشتبان من لەگەڵیاندا دەچووم".
37كەس لە بنەماڵەكەیاندا كوژراون
سەبارەت بە كوشتنی برا و كەسوكارەكەشی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە 37 كەس لە بنەماڵەكەیاندا كوژراون، لەوان برا، ئامۆزا، برازاكانی باوكی و هەروەها هەشت هەزار بارزانی و 180 هەزار كەس لە نەتەوەی كورد، "هەندێ لە كەسە نزیكەكانم تەنانەت كاری سیاسیشیان نەدەكرد و لە عێراق بوون، بەڵام لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەعسەوە دەستگیركران و لە سێدارەدران، دواتر زانیمان كە لە بیابانەكانی عێراق و لە ناوچەی عەرعەر خرابوونە ژێرخاكەوە، بە تۆمەتی هاوكاریكردنی شۆڕشی كورد''.
"ئەمەریكا رۆڵی سەرەكی هەبوو لە رێككەوتننامەی جەزائیر"
لە بارەی رێككەوتنامەی جەزائیر كە بووە هۆی تێكچوونی شۆڕشی كوردی لە ساڵی 1975، بارزانی دەڵێت ''ئەو رووداوە زۆر كاریگەری لەسەرمان هەبوو و پلانێكی زۆر گەورەبوو دژی گەلی كورد، ئەگەر ئەمریكا نەبووایە هەرگیز شتی وا رووی نەدەدا و ئەوان رۆڵی سەرەكییان هەبوو لە واژۆكردنی ئەو رێككەوتنامەیە، چونكە هیچ متمانەمان بە شای ئێران نەبوو، ئەمەریكا لە دوای ساڵی 1972ەوە پەیوەندی بە شۆڕشی كوردەوە كرد، جۆرێك لە متمانەمان پێیان هەبوو، هەستمان بەوە دەكرد كە خەڵكانێك لە پشتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردییەوەن، تێگەیشتنی ئێمە ئەو كاتە لەو ئاستەدا بوو، واتا هەموو هێلكەكانمان خستە یەك سەبەتەوە و ئەمەش هەڵەبوو، بۆیە هەرگیز جارێكی دیكە رێگە نادەین كارێكی لەو جۆرە دووبارە ببێتەوە و هەرگیز پشت بە یەك دەوڵەت نابەستین، ئەگەر پێشتر پشتئەستوور نەبین بە متمانەی گەلەكەمان".
"هەموو كات ئامادەم بچمە بەردەم دادگا"
لە بەشێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكەدا بارزانی باسی شەڕی ناوخۆ دەكات و دەڵێت ''پەڵەیەكی رەش و ئازاربەخشە و من هەموو كات ئامادەم لەبەردەم هەر دادگایەكی كوردستاندا ئامادەبم بۆ ئەوەی دان بەوەدابنێم كە ئێمە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو شەڕە نەبووین، نامەوێت بچمە ناوەڕۆكی ئەو رووداوانەوە، كە بە راستی لەسەر هۆكاری زۆر بێ مانا ئەو شەڕە دروست بوو، شەڕەكە لە ناكۆكی نێوان چەند حیزب و گرووپێكەوە گەورەبوو و لەدەست دەرچوو تا گەیشتە ئەو رادەیە و، بە هیچ شێوەیەك پلان بۆ داڕێژراو نەبوو، من بە هەموو شێوەیەك و بە هەموو توانامەوە هەوڵمدا ئەو شەڕە خوێناوییە رابگرم، پاڵنەری وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمیش تەنیا لەبەر سڕینەوەی ئاسەواری شەڕی ناوخۆ بوو، لە خوا بەزیادبێ شەڕەكە كۆتایی هات و بووە رابردوو و بووە وانەیەك بۆ هەموو خەڵكی كوردستان، كە جارێكی دیكە رێگە نەدەین دووبارە ببێتەوە".
"لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ مام جەلال یەكمان بینی"
بارزانی باسی یەكەم دیداری خۆی و تاڵەبانی دەكات لە دوای شەڕی ناوخۆ كە لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا یەكتریان بینیوە، بە ئامادەبوونی مادلین ئولبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا، "بەڕاستی ئەمریكا رۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە ئاشتەوایی و لێكنزیكردنەوەی بۆچوونەكان و دروستكردنی كەشوهەوایەكی ئاشتەوایی، كە تا ئەمڕۆش خۆڕاگربووە و ئەوسا لەگەڵ مام جەلال رێككەوتین كە چۆن ئەو قۆناخە تێپەڕێنین".
"تا 2002، ئەمەریكا هیچ پلانێكی ئاشكرای نەبوو بۆ رووخاندنی سەددام"
سەبارەت بە رووخاندنی سەددام حوسێن و كۆتاییهاتنی رژێمی بەعس، مەسعود بارزانی دەڵێ "من لە ساڵی 1991 بەدواوە بۆ چەندین وڵاتی دونیا گەشتمكردووە بەمەبەستی تاوتوێكردنی بارودۆخی عێراق، لە دوای رووداوەكانی ساڵی11 سیپتیمبەرەوە وەفدێكی ئەمریكی سەردانی كردین، دوای گفتوگۆكردن، لە قسەكانیان ئەوەمان بۆ روونبووەوە كە رووخانی سەددام بەڕێوەیە و زۆر نزیكە، پاشانیش دوای ئەوەی لە شوباتی 2002 لەگەڵ مام جەلال سەردانی واشنتنمان كرد و لەوێ 100% دڵنیابووین كە روخانی سەددام یەكلایی بووەتەوە و پلانێك بۆ رووخاندنی هەیە، چونكە تاوەكو ئەوكاتە ئەمریكا هیچ پلانێكی ئاشكرای نەبوو بۆ رووخاندنی سەددام"
"یەكەمجار ساڵی 1970 سەددام بینی"
لە درێژەی هەڤپەیڤینەكەدا بارزانی باسی یەكەم دیداری خۆی و سەددام حوسێن دەكات و دەڵێت "یەكەمجار ساڵی 1970 سەددام حوسێنم لە گەڵالە بینی، كە بۆ بینینی باوكم هاتبوو، ئەو كەسێكی زۆر ئاسایی، هەڵوێستی زۆر باش بوو و بیروباوەڕی زۆر كراوەبوو، لە هەموو هاوڕێكانی دیكەی باشتر بوو كە وەكو وەفد لەگەڵی هاتبوون، هەر ئەویش واژۆی لەسەر رێككەتنامەكە كرد، بەڵام دواجار بۆمان دەركەوت ئەویش كەسێكە خاوەنی دوو كەسایەتییە و ئیزدواجیەتی هەیە".
بارزانی لە باسكردنی سەددام بەردەوام دەبێت و دەشڵێت "لە هەموو ئەو دانیشتنانەی من بینیومە زۆر بە ئاكارانە هەڵسوكەوتی لەگەڵ كردووم، تەنانەت لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 كە كەوتینە دانوستاندن لەگەڵ رژێمدا، هەرگیز لەگەڵ مندا توڕەنەبووە و دەنگی بەرزنەكردووەتەوە. دوای دەستگیركردنیشی و چوونی بۆ زیندان، نەمبینی تاوەكو لە سێدارەدرا".
"بە بیستنی كیمیابارنكردنی هەڵەبجە تووشی شۆك بووم"
لەبارەی كیمیابارانكردنی هەڵبجەش، بارزانی باسی شۆكبوونی خۆی كرد و گوتی ''كاتێك هەواڵی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەم بیست كە بە هەزاران كەس مردوون تووشی شۆك بووم، بەتایبەت بەو شێوەیە بە سەدان منداڵ و پیرو ژن بە دڕاندانترین شێوە بكوژرێن و بشیوێندرێن، بەڕاستی ئەو كاتە من زۆر دووربووم و نەدەكرا بە ئۆتۆمبێل بگەمە ئەو شوێنە و رێگاوبان زۆر سەخت بوو".
بارزانی گوتیشی "هەرگیز رۆژێك لە رۆژان دژی دانوستاندن نەبوومە و بەردەوام لەگەڵ گفتوگۆكردن بوومە، بەڵام ئەوەی لە رژێمی بەعسدا بینیم هیچ نییەتێك نەبوو بۆ ئاشتەوایی و دانووستاندن، بە تایبەتی دوای هەڵمەتەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، سەرەڕای ئەوەش دیسان چوومەوە بەغداو گفتوگۆمان دەستپێكرد، ئەوەش ناخۆشترین و قورسترین بڕیاربووە لە ژیانمدا".
"دەستكەوتی 70 ساڵمان بە 7 رۆژ بەدەستهێا"
سەرۆكی هەرێمی كوردستان باس لە قۆناخەكانی دوای راپەڕینی ساڵی 1991 دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات "سەرجەم چین و توێژە و رەنگەكانی هەرێمی كوردستان لەژێر سێبەری بەری كوردستانیدا یەكگرتوو بوون، ئەوەی لە ماوەی 7 رۆژدا گەورەترین دەستكەوتمان بەدەست هێنا كە لە ماوەی 70 ساڵدا لە رێگەی شەڕەوە بەدەستمان نەهێنابوو، چونكە سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانمان پاككردەوە لە رژێمی بەعس".
دواتر لە سەفوان رێككەوتنێك لە نێوان وەزیری بەرگری عێڕاق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی هاوپەیمانان واژۆكرا، بەمەش هاوپەیمانان مۆڵەتیان بە سوپای عێراقدا كە تانك و فڕۆكەكانی بەكاربهێنێتەوە و هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەرمان، ئێمەش ئەو توانا گەورەیەمان نەبوو و تەناتەت ئێمە هەڵوێستی وڵاتانی جیهانمان لا روون نەبوو، ئەوەبوو لە دوا شەڕەكاندا سوپای عێراق تێكشكا".
"یەكەم وەفد بە سەرۆكایەتیی مام جەلال چووە بەغدا"
دواتریش پێشنیازی گفتوگۆی كرد لەگەڵمان، یەكەم وەفد بە سەرۆكایەتی مام جەلال چووە بەغدا، دوای گەڕانەوەیان زۆریان لێكردم بۆ ئەوەی متمانە بەهێز بكەین وەفدی داهاتوو من سەرۆكایەتی بكەم، بۆیە زۆر قورس بوو بە لامەوە، بەڵام بیرم كردەوە كە ئەگەر نەڕۆم ئەوا لەوانەیە بەوە تۆمەتبار بكرێم كە چانسێكی گەورەم لەبەردەم میللەتەكەم لە دەست داوە، بۆیە مەرجم ئەوەبوو كە ئەگەر چانسێك بۆ گفتوكۆكردن و چارەسەركردنی كێشەكان هەبێت، ئەوە دەبێت سەرپشك بكرێم".
"سەددام پێی گوتم: هەنگاوەكەت هەرگیز لە بیری ناكەم"
بارزانی زیاتر دەڵێت "دووەم رۆژم لە بەغدا وامدەزانی خەون دەبینم، چونكە ئەو بكوژانەی دوێنی زۆر سەیر دەهاتنە بەرچاوم و زۆر گۆڕابوون، یەكەمجار وەكو وەفد لەگەڵ سەددام حوسێن دانیشتین و دواتر سەددام حوسێن داوای دیدارێكی تایبەتی ڵێكردم، پاشان پێی گوتم، هاتنت بۆ بەغدا بە شتێكی زۆر گەورەی دەبینم و هەنگاوێكە هەرگیز لە بیری ناكەم، بۆیە پێویستم بە بۆچوونی تۆیە.
منیش وتم خۆت زۆر دەستپێشخەر بووی لە 11 ئازار، بەڵام باش دەزانی چی لە دوای 11 ئادارەوە روویداو من بە مەلەكردن لە گۆمێكی خوێنەوە گەیشتوومەتە ئەم شوێنە، كە هەمووی خوێنی كوردە، بۆیە پێویستە و لە پێناو بەرژەوەندی ئەم میللەتەدا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەینەوە، ئەگەر بەڕاستی نییەتێكی جیدی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئەوە ئێمە ئامادەین، ئەگەر چارەسەرێكی چەوتیش هەیە و ئێمە ناچاردەكات بەرگری لێبكەین بەرامبەر میللەتەكەمان، ئەوە هەرگیز لەوانە بەنرخترمان نەبوو كە لەدەستماندان و پێویست ناكات كاتی یەكتری بگرین، لەهەمووی گرنگتر دەمانەوێت چارەنووسی بێسەروشوێنكراوەكانمان بۆ ئاشكرابكەن.
بەڵام كە ئەم قسەیەم كرد، سەددام نەیتوانی رووبەڕوو سەیری ناو چاوم بكات و بۆ ماوەیەك بێدەنگ بوو، دواتر گوتی هەندێ شت روویاندا كە خوزگە دەخوازم رووینەدایە، ئەگەر رێككەوتین ئەوانەی ماون دەربازیان دەبێت و ئەوانەی نەشماون پێویستە هاوكاری یەكتری بكەین بۆ دۆزینەوەیان، بۆیە لەو ساتەوە من بۆم دەركەوت كە هیچكام لە بێسەروشوێنكراوەكان لە ژیاندا نەماون، بۆیە لە كاتی دانوستاندنەكادا گەیشتینە ئەو بڕوایەی كە عەقلیەتی دانوستاندنی نییە و ئێمەش ئەو دانیشتنانەمان راگرت، لە كاتی شەڕی عێراق و ئێران و پێش ئەو شەڕەش ئێمە لە شەڕدا بووین لەگەڵ رژێمی عێراق، هەروەها ئێمە پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە جەنگدابووین لەگەڵ رژێمی عێراق و دەستپێشخەریمان كرد شەڕ رابگرین، بەڵام حكومەتی عێراق رازی نەبوو".
دەمانزانی كەی رژێمی سەددام دەڕووخێت
سەبارەت بە هێرشكردنە سەر عێراق و رووخاندنی رژێمی سەددام حوسێن، بارزانی دەڵێت "ئێمە ئاگاداری هەموو جموجۆڵەكانی سوپای هاوپەیمانان بووین لە كاتی داگیركردنی عێڕاقدا و، تەنانەت دەمانزانی كەی رژێمی سەددام حوسێن دەڕووخێت، دوای دەستپێكردنی شەڕەكە سوپای عێراق نەیتوانی خۆی لە بەرامبەر هێرشەكانی هاوپەیمانان رابگرێت، هاوكات ناهاوسەنگییەك هەبوو لە بەهێزی سوپای هەردوولا و، سوپای عێراق بەو هێرشە بەهێزانە تووشی شۆك بوو، بۆیە هێزی بەرگری ئاسمانی عێراق تێكشكا و یەكەكانی سوپای عێراق گورزێكی گەورەیان لە فڕۆكەخانەی بەغدا بەركەوت، كە سێ فیرقەی سوپای عێراق بە تەواوەتی لە نێوچوون".
ئەمەریكا هەڵەیەكی گەورەی كرد كە لە ئازادكەرەوە بوو بە داگیركەر
بارزانی جەختیش دەكاتەوە، سوپای ئەمەریكا بڕیاریكی زۆر گونجاویدا بە ئازادكردنی عێراق، بەڵام هەڵەیەكی گەورەیان كرد كە لە ئازادكەرەوە بوون بە داگیركەر و هەڵەكانی دیكەش بە دوای ئەو بڕیارەدا هاتن.
لە یەكەم دیداردا لەگەڵ پۆل بریمەر زۆر هەستی بە ئازار كرد
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی رووداوەكانی دوای رووخانی رژێمی عێراق هێما بۆ ئەوە دەكات، یەكەم دیداری لەگەڵ پۆل بریمەر كە زۆر هەستی بە ئازار كردووە لە ئایاری ساڵی 2003 بووە، "زۆر سەیر بوو لەگەڵ یەكەم دانیشتنی كە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراق رێك خرا، ئەو رایگەیاند (من خاوەنی بڕیار و خاوەن دەسەڵاتم و نوێنەری بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش دەكەم، بریمەر زۆر بە لووت بەرزییەوە قسەی دەكرد)، بۆیە من لە دوای ئەو دانیشتنەوە بەغدام جێهێشت و نەگەڕامەوە تا دروستكردنی ئەنجوومەنی حوكم لە عێراق".




