٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، وەڵامی ‌هێرشە ناڕەواکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی دەداتەوە

سەرچاوە: KDP.info

راگەیاندراوێك لە وتەبێژی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی  پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

ماوەیەكە هەردوو راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هەموو سنوورەكانیان بەزاندووە لە هێرشكردنە سەر پارتیمان، لە زۆر كەناڵی جیاجیاوە بۆ نیەتپاكیمان ئاگادارمان كردنەوە كە بێدەنگیمان نیشانەی بە خەمەوەبوونی ئارامی و نیگەراننەكردنی خاڵكی كوردستانە و دەبێ سنوورێك بۆ ئەم هێرشە ناڕەوا و دوور لە ئیتیك و ئەخلاقی رۆژنامەگەرییە دابندرێ و ریكلام و بانگەشە بۆ هەڵبژاردن لەگەڵ ناوزڕاندن و چەواشەكاری تێكەڵ نەكرێ.

 كوڕان و كچانی 16ی ئاب لە راگەیاندنی پارتی، وەڵامنەدانەوەیان لە پێناو ئارامی و رێزگرتنی خەڵكی كوردستانە، ئەگینا ئەوەندە بە توانان و ئەوەندەشیان پێیە كە بتوانن وشە چرچ هەڵگەڕاوەكانی دەرنەهاتووی گەروتان پێ وشك بكەن، نەك هەر وەڵامی نووسینە بێسەروبەرەكانتان بدەنەوە، بەڵكو كۆمەڵێك بابەتی ئەوەندە هەستیاری لە گریس دەرنەهاتوو بخەنە بەرچاوی خەڵكی كوردستان كە خۆشتان پێتان سەیر بێت، راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی وا رەفتار دەكات كە لە چەند ساڵی رابردوو بەشێك نەبوبێت لە دەسەڵات، بەڵی هەر بەم بەرچاو ناڕونییەتان، كە چین و لە كوێن و چیتان دەوێ حزبەكەتان گەیاندە ئەو رۆژەی ئێستا كە كەس حەسودی پێنابات. ئەم راگەیاندنە هەموو وتە وقسە ناشرین و دوور لە ئەخلاقی رۆژنامەوانی كە راگەیاندنی گۆڕان بە هەردوو حزب و دەسەڵاتیان وتووە دووبارە و سێ بارە دەیڵێنەوە كە گوایە گۆڕان ئاوای بە پارتی وتووە! دەی راگەیاندنكاری زیرەك ئەوە بزانە بەشێكی زۆری بۆ هەردوو حزب بووە، ئەی بیر ناكەنەوە زۆر بابەتی هەستیار لە راگەیاندنی گۆڕان سەبارەت بە حزبەكەتان بڵاو كراوەتەوە؟! لە لایەكی دیكەوە هەڵبژاردنی رابردووش حاشاتان لە شەریكبوونی حكوومەت كرد.

ئێمە لە راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و كوران و كچانی 16ی ئاب شەربەرزین كە حزبەكەمان ئەوەندەی دەسەڵاتی بەسەرداشكاوە لە كوردستان ئاوەدانی و پێشكەوتنی بەدیهێناوە، كادیرە بەتوانا و لێوەشاوەكانی حزبەكەی 16ی ئاب كوردستانیان خستەسەر نەخشەی وزەی جیهانی، سەرۆكی حزبەكەمان دیواری شەرم و ترسی باسكردنی دەوڵەتی كوردی روخاند، ئەو دەوڵەتەی بە خەون لە قەڵەم دەدرا. بەڵی مادام ئێوە حزبەكەتان بێ بەش دەكەن لە شەریكی بەڕێوەبردنی وڵات لە چەند ساڵی رابردوو، ئەوا ئێمە سەربەرزین كە خزمەتی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان كردووە و هاوكار بووین لە پێشخستنی وڵاتەكەمان و پێشكەشكردنی خزمەتگۆزاری.

 لێرەدا هەموو خەڵكی كوردستان و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان بە شاهێد دەگرین تا ئەمڕۆ 24/4/2014 هەموو توانای خۆمان بەكارهێناوە بۆ راگرتنی كادیرە ئازا و دڵسۆزەكانی پارتی و رێبازی بارزانی لە راگەیاندن كە دان بەخۆیاندا بگرن، تا شەوی رابردوو كە ڕادیۆیەكی دەنگ ناخۆش و درۆزن وشەی (سەرسەری) بەكارهێنا، دڵنیابن ئەگەر بەردەوامبن لەسەر ئەم رەفتارەیان (سەرسەریەكان) بەخەڵكی كوردستان دەناسێنین. هەر لێرەوە رووی قسەمان لە سەندیكای رۆژنامەنووسان و تەواوی رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و خەمخۆرانی ئەم گەلەیە بۆ رێزگرتن لە هەموو لایەكتان و جەماوەری كوردستان و بۆ بەخەمەوەبوونی هەبوونی كەش و هەوایەكی ئارام، بەم راگەیاندنانە بڵێن بگەڕێنەوە بۆ ئیتیك و ئەخلاقی رۆژنامەگەری، چونكە ئێمە لە روانگەی بەرپرسیارێتی حزبەكەمان و خەبات و مێژووی پارتەكەمان و پێگە و كەسایەتی سەرۆكی حزبەكەمان (سەرۆك مەسعود بارزانی) لە ئاستی كوردستان و ناوچەكە و جیهان دا ئەم بێدەنگیەمان هەڵبژاردووە نەك شتێكیتر.

 

گوتەبێژی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی

 پارتی دیموكراتی كوردستان

24/4/2014

هەواڵی پەیوەندیدار