وەزارەتی پێشمەرگە: چهکمان نهکڕیوه

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو هەواڵانەی بەدرۆ خستنەوە كە باس لە هەبوونی گرێبەستێكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چەند وڵاتێكی ئەورووپای ڕۆژهەڵات دەكەن و ڕایگەیاند كە ئەگەر بەڵگەیان لایە ئەوا با بیخەنە ڕوو.
فەریق جەبار یاوەر، لە وەڵامی ئەو هەواڵانەی كە باس لە كڕینی چەكی قورس دەكەن لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە و لە لایەن حكوومەتی عێراقی فیدراڵەوە سەرچاوەیان گرتووە، گوتی "ئەو هەواڵانە پڕوپاگەندەن و هەڵبەستراون، ئەگینا ئەگەر زانیارییان هەیە با بیخەنە ڕوو."
یاوەر بە كەناڵی جەزیرەی عەرەبی ڕاگەیاند "حكوومەتی عێراقی باش دەزانێت كە هەر گرێبەستێكی كڕینی چەك لە هەر كوێیەكەوە بێت پێویستی بە ڕەزامەندیی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەیە و ئەگەرچی ئەوەی گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، عەلی دەبباغ باسی لیوە دەكات كە زانیارییان هەیە، ئەوا با بیخەن ڕوو."
یاوەر ڕوونی كردەوە "ئەگەرچی وەها گرێبەستێك لە ئارادا نییە، بەڵام با وەهای دابنێین كە هەیە، بەڵام دەشێ بپرسرێت كە ئایا ئەو چەكانە لە كوێوە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستانەوە. ئایا عێراق خۆی بوار دەدات لە بە ڕێگەی ئەوانەوە بهێنرێت؟ یاخود توركیا و ئێران ئەو بوارە بە هەرێمی كوردستان دەدەن لە ڕێی وڵاتەكەیانەوە چەك بهێنرێتە كوردستانەوە؟"
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر، هاوكات لەبارەی هێنانی هێزی سوپای عێراقی فیدراڵیشەوە بۆ سنووری نێوان عێراق – سووریا و ئەو ناوچەیەی كە كێشەدارە زوممار، ڕایگەیاند "لە 2010ـەوە ڕێككەوتن هەیە، بە ڕەوانی باس لەوە دەكات كە گوازتنەوە و هێنانی هێز بۆ ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان دەبێت بە ڕەزامەندیی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بێت. بەڵام عێراق لەوەدا هێزی هێناوەتە زوممار و هەرێمی لێ ئاگادار نەكردووەتەوە."
ئەو زیاتر گوتی "ڕێككەوتنەكەی نێوانمان كە وەزیری ناوخۆ و بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان واژۆیان كردووە، وەهایە كە لە كاتی پێویستدا و بە ڕێككەوتن و ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە ئەم پرۆسەیە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەوان نەیانكرد و هێزیان هێنا، بە پاساوی ئەوەی كە سنوور دەپارێزن. ئەو هێزەی كە لەوێیش هەیە هەر سەربە حكوومەتی فیدڕاڵە و هیچ پێویستییەكیش بۆ هێنانی هێزی زیاتر نابینین."
جێی ئاماژەیە كە گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، عەلی دەبباغ، دوێنێ شەو بە كەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند كە لە ڕاستیدا ئەوان بەڵگەی سەلمێنەریان نییە بەوەی هەرێم چەكی قورسی لە چەند وڵاتێكی ئەورووپای رۆژهەڵات كڕیبێت، بەڵام پێوەندی و زانیارییان هەیە، كە وەها گرێبەستێك لە ئارادا هەیە.




