٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی 11: ئێستا خەڵک رووی لەسیاسەتی سەرۆک بارزانی و بەرنامە ئاوەدانكارییەكانی پارتییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/بەرپرسی لقی 11ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رانیە دەڵێت، بەو بەرنامەیەی کە بۆ سلێمانی و دەوروبەری بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی هەیانە، ئەگەر بێت و نوێنەر و کاندیدانیان دەنگیان پێ بدری،لە رێی کاندیدەکانیانەوە ئەو ئاوەدانییەی لە هەولێر و دەوروبەری کراوە دەگوازنەوە بۆ شوێنەکانی دەوروبەری سلێمانی.
بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رانیە ئاکۆ چاوشین، بە KDP.infoـی ڕاگەیاند: بەرنامەکانی پارتی لە لایەن جەماوەر و خەڵکەوە بە رێزەوە پیشوازی لێ دەکرێ، ئەوەیش چونكە لە ساڵانی حەفتا بۆ حەفتاوچوار پارتی دیموکراتی کوردستان ئیدارەی کوردستانی کردووە و هەنگاوی باشی ناوە، لە دوای راپەرینیشەوە ئەو شوێنانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەرێوەی بردوون ئاوەدان كراونەتەوە و لە هەموو رووێکەوە پێشکەوتوون، ئەمرۆیش خەڵک ئەو پێشکەوتنانە دەبینێت."

زیاتر گوتی "بەداخەوە لە ئیدارە ناوچەكە ناڵێم گۆڕانکاری نەکراوە، بەڵام لە ئاستی چاوەڕاوانیی جەماوەردا نییە، بۆیە خەڵکەکە زیاتر روو لە سیاسەتی پارتی دەکەن و پێیان باشە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت ئەو ئاوەدانییەی لە هەولێر و دەوروبەری کراوە، بگوازرێتەوە بۆ شوێنەکانی دەوروبەری سلێمانی. 
سەبارەت بە شێوازی گواستنەوەی ئەو ئاوەدانی و خزمەتگوزاریانە بۆ ئەو سنوورانە ئاکۆ چاوشین گوتی: "گواستنەوەی ئەوە کەوتووەتە سەر سندووقی دەنگدان واتا ئەگەر بێت و نوێنەر و کاندیدانی ئێمە دەنگیان پێ بدری لەسەر سندووقی دەنگدان لەوکاتە ئێمە دەتوانین بەو بەرنامەیەی کە هەمانە بۆ سلێمانی دەوروبەری بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان لە رێی کاندیدەکانمانەوە جێبەجێی بکەین." 
هاوکات دەربارەی زیادبوونی جەماوەری پارتی ئاکۆ چاوشین گوتی، "ئەگەر بەراوردی هەڵبژاردنەکانی پێشوو بکەین، ئێمە بەردەوام رێژەی دەنگدەرانمان زیاد دەکات لە سنوورەکەدا، لەم هەڵبژاردنەشدا واهەست دەکەین لە گەڕان و تێکەڵبوونی کاندیدەکانمان بۆ ماڵان و بۆ ناو جەماوەر، هەست دەکەین کە گۆڕانکاری لە بیر و رای خەڵکەکە دیارە، ئەوەش تەنها پەیوەست نییە بە ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەکانەوە بەڵکو ئێستا خەڵکیش روو لە سیاسەتی سەرۆک بارزانییە کە بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە پارێزگاری لە مافە نەتەوەییەکان و خەڵکی کوردستان بکات، بۆیە هەردووشتەکە تەواوکەرە، هەم سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی هەروەها ئەو ئاوەدانی خۆشگوزەرانییەی کە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەکرێ." 
بەرپرسی لقی 11، هاوكات روو لە ئەندام و دۆست لایانگرنی پارتی دەكات بەجۆش و خرۆشەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەو پەیامەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیەتی، بە شێوەیەکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی و رێز ئازادیی بیر و رای خەڵکی بگرن و "هەموومان پێکەوە بچین دەنگ بدەین تا ئەو ئامانجانەی کە هەمانە بە دی بێنین."

 

هەواڵی پەیوەندیدار