فازڵ میرانی: وەزارەتی ناوخۆ یەكلایی بووەتەوە... شوێنی یەكگرتوو حكوومەتە

هەولێر-KDP.info/ سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی، دەربارەی داواكارییەكانی یەكێتیی نیشتیمانی کوردستان و سووربوونیان لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند "مەسەلەی وەزارەتی ناوخۆ یەكلایی بووەتەوە". مەبەستی یەكلاییبوونەوەی ئەو وەزارەتەیشی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بوو و گوتی "پێشتر كە سەرۆك بارزانی گوتی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پارتی، كەواتە یەعنی بۆ پارتی، ئێمەش لەسەر ئەوە ئیش دەكەین كە ئەو قسەیە بە جێ بهێنین".
فازڵ میرانی، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (كەوانەی سوور)-ی تەلەڤزیۆنی رووداو باسی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت و كێشەكانی بەردەمی كرد و پێی وابوو كە پێش هەڵبژاردن شێوەی حكوومەتی نوێ دیار دەبێت، گوتیشی "ئەگەر یەكێتی پێش هەڵبژاردن بەشدار بێت لە حكوومەت و جێگری سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەوا پارتی بە وەرگرتنی پۆستی سكرتێری پەرلەمان زەرەر ناكات."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەگەر یەكێتی پێش هەڵبژاردن نەچێتە حكوومەتەوە، گوتی "ئەوكات قسەیەكی ترمان دەبێت"، گوتیشی "ناكرێ شەریكێك هەرچییەكی ویست پێی بدرێت."
میرانی باوەڕی وایە ئەو پۆستانەی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دانراون گونجاون و گوتی "بە ڕای من كافییە." سەبارەت بە داواكاریی یەكگرتوویش بۆ گۆڕینی وەزارەتی كارەبا، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "ناكرێت وەزارەتێك بۆ لایەنێكمان دانابێت، بیدەینە لایەنێكی دیكە، بەڵام دەكرێت لەگەڵ وەزارەتی كارەبا پۆستێكی دیكەیان پێ بدەین." ئەو باسی یەكێك لە نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێم كرد لە دەرەوە و گوتیشی "بە هەموو مەنتیقێك شوێنی یەكگرتوو حكوومەتە."
فازڵ میرانی لە بەرنامەكەدا لەسەر رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان قسەی كرد و گوتی "ناڵێم رێككەوتنی ستراتیژی نەماوە"، بەڵام پێی وابوو هۆكارێكی سەرەكی كاڵبوونەوەی ئەو رێككەوتننامەیە، دابەزینی هەردوولا بوو لە هەڵبژاردنەكانی 21-ی ئەیلوولی 2013 و گوتیشی "بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی، دەبوو پێكەوە داخڵی هەڵبژاردن بین، تەنانەت لە هەڵبژاردنی رێكخراو و سەندیكاكانیش، بەڵام یەكێتی نەك لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەجیا بەشداری كرد، لە هەڵبژاردنی سەندیكای پارێزەرانیش لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن رێككەوتنی كرد."




