کاندیدی ژمارە 21-ی پارتی لە تەقینەوەکەی بایبوخت کوژرا

هەولێر-KDP.info/ شێخ سالم یووسف کیکی کە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە لیستی هاوپەیمانیی کوردستانی لە نەینەوا، بەر تەقینەوەکەی ئێوارەی دوێنێی ناوچەی بایبوخت کەوت و یەکێک بوو لە قوربانیانی ئەو ناوچەیە کە بە هۆی تەقینەوەی کامیۆنێکەوە 10 کەس کوژران و 25-ی دیکەیش بریندار بوون.
هاوپەیمانیی کورستانی لە نەینەوا بەر لە سەعات 12-ی شەوی ڕابردوو هەواڵی کوژرانی شێخ سالم یووسف کیکی کە کاندیدی ژمارە 21-ی لیستی 243-ی هاوپەیمانیی کوردستانی بوو لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند.
سەرۆکی راوێژکارانی کوردی شەبەک، مەلا سالم شەبەک، پاش ڕووداوەکەی دوێنێ ئێوارە بە kdp.infoراگەیاند: ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی گوندی بایبوخت نزیک ناحیەی باشیکی سەر بە پارێزگای مووسڵ، 10کوژراو و 25 بریندارن.
ئەم تەقینەوەیە لە رێی ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگرەوە ئەنجام دراوە و زۆرینەی قوربانیان ھاووڵاتیی مەدەنین، گوندی بایبوخت دەکەوێتە سنووری ناحیەی باشیکی سەر بە پارێزگای مووسڵ و زۆرینەی دانیشتوانی ئەو گوندە کوردی شەبەکن.




