٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی باڵای خانمان داوای زیادكرنی رێژەی ئافرەتان لە ناوەندەكانی بڕیارداندا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info/  بە مەبەستی زیادكردنی پشكەكانیان لە ناوەندەكانی بریاردانانی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی رێكخراوی UNWOMEN-ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و گرووپی ژنانی ئاشتی، سیمینارێكیان دەربارەی "رۆڵ و پێگەی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسیدا" لە هەولێری پایتەخت ساز كرد.

ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە هەرێمی كوردستان، ئەمەل جەلال، بە KDP.info-ی راگەیاند "ئامانج لەم سیمینارە بەهێزكردنی رۆڵی ئافرەتی كوردستانییە و پەرەپێدانی تواناكانی، چالاككردنی رۆڵی لە بواری سیاسی و ئامادەكردنییەتی بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسیدا".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای خانمان رایشیگەیاند "ئەمڕۆ گرینگیی چەسپاندنی سیستمی كۆتامان خستە بەر باس لە دەستەڵاتی جێبەجیكردن و چڕكردنەوەی بەشداربوونی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسیدا"، ئەمەل جەلال ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بەشێكی دیكەی سیمینارەكە تایبەت بوو بە رۆڵی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەهێزكردن و پەرەپێدانی توانای ئافرەتان و رەخساندنی هەلی كاركردن بۆیان.

لە درێژەی قەسەكانیدا ئەمەل جەلال گوتی "كۆمەڵگاكەمان رووبەڕووی چەندین داب و نەریتی كۆنی نەرێنی بووەتەوە كە لە مێشكی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە چەسپاون".

سیمینارەكە دابەش كرابوو بۆ سێ تەوەرەی سەرەكی كە بریتی بوون لە گرنگیدان بە بەشداربوونی ئافرەتان لە ناوەندەكانی بڕیاردان و تەوەرەی دووەم تایبەت بوو بە گرینگیی كۆتا لە بەهێزكردنی پێگەی ئافرەت لەناوەندەكانی بریاردان، تەوەرەی سێیەم باسی لە تواناسازی ژنان كرد لە بواری سیاسیدا.

شایەنی باسە ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و بە بەردەوامی كار دەكات لە پێناوی ئامادەكردنی ئافرەتی كورد و پەرەپێدانی تواناكانی بۆ چوونە نێو گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان، ئەمەش لە رێگەی سازدانی كۆڕ و سیمینار و وۆركشۆپی تایبەت بە ئەو بوارە.

دڵشاد دەلۆ 

هەواڵی پەیوەندیدار