ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتێكی گۆڤاری لڤین ره‌ت ده‌كاته‌وه

سلێمانی-KDP.info/ ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، سەرلەبەری ڕاپۆرتێکی گۆڤاری لڤین کە له ژماره (266)، (20/4/2014)-دا بڵاو کراوەتەوە، ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، "راپۆرته‌كه له‌رووی رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه ئه‌وه‌نده لاواز و ناپرۆفێشناڵه، خۆی شایه‌دی ئه‌وه ده‌دات كه ئه‌مه ناونیشان و ناوه‌رۆكێكی بێبنه‌مایه و دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به ئاژانسی پاراستنه‌وه نییه و، به‌رهه‌می خه‌یاڵیی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و گۆڤاره و ئه‌و كه‌سانه‌یه كه ئاراسته‌یان ده‌كه‌ن و پێویست به روونكردنه‌وه‌ی زیاتر ناكات."
دەقی لێداوانەکەی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دەربارەی ره‌تكردنه‌وهی راپۆرتێكی گۆڤاری لڤین:
گۆڤاری لڤین له ژماره (266) له به‌رواری (20/4/2014) ناوی ئاژانسی پاراستنی هێناوه‌ته‌وه ناو بابه‌تێكیان به ناونیشانی راپۆرتێكی ده‌زگای پاراستن له‌باره‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه. راپۆرته‌كه له‌رووی رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه ئه‌وه‌نده لاواز و ناپرۆفێشناڵه، خۆی شایه‌دی ئه‌وه ده‌دات كه ئه‌مه ناونیشان و ناوه‌رۆكێكی بێ بنه‌مایه و دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به ئاژانسی پاراستنه‌وه نییه و، به‌رهه‌می خه‌یاڵی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و گۆڤاره و ئه‌و كه‌سانه‌یه كه ئاراسته‌یان ده‌كه‌ن و پێویست به روونكردنه‌وه‌ی زیاتر ناكات.
ئاژانسی پاراستن دامه‌زراوه‌یه‌كی یاسایی و نیشتمانییه و ئامانجی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و هاوڵاتیانه؛ هیوادارین ئه‌و گۆڤاره زیاتر پره‌نسیپه‌كانی كاری رۆژنامه‌وانی و راستگۆیی ره‌چاو بكات و پێشێلی نه‌كات.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك ئاگادارن ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه كه ئه‌م گۆڤاره هه‌واڵی دوور له راستی و هه‌ڵبه‌ستراو به‌ناوی ئاژانسی پاراستن بڵاوده‌كاته‌وه؛ به مافی ئاژانسی پاراستنی ده‌زانین رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر به‌و گۆڤاره و ئاماده‌كاری راپۆرته‌كه بگرینه به‌ر.
ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان
23/4/2014




