دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی لە پێشانگایەكدا یادی 116 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردی بەرز نرخاند

هەولێر-KDP.info/ بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود محەممەد، لە پێشانگایەکدا لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی ڕایگەیاند، "ئەم جۆرە پێشانگایانە لە بۆنەی ئاوادا دوو واتای دیاریکراویان هەن، یەکیان هونەرمەندانی ئێمە هونەرەکەی ئاوێتە دەکات لەگەڵ رۆژنامەگەریدا یان رۆژنامەگەریی دێنێتە ناو هونەری کوردی."
بە ئامادەبوونی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەحموود محەممەد و رۆژنامەنووس و میداكارێكی زۆر بە بۆنەی یادی رۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی لە قاهیرە ساڵی 1898، پێشانگای شیعر و مۆتیڤی بۆ هونەرمەند رزگار فەقێ عەوڵا، لە بارەگای دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی كردەوە.
ئامادەبووانی پێشانگاكەش بە گرنگییەوە لە كارەكانی هەونەرمەندیان رووانی و تێیدا مەحموود محەممەد بۆKDP.info، باسی گرینگیی كارەكانی هونەرمەندی كرد و هەروەها بەبۆنەی 116 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی، پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەنووسان و دامودەزگاکانی رۆژنامەگەری لە کوردستان کرد و، گوتی، "ئەم هەوڵ و کۆششەی کە رۆژنامەنووسان بە درێژایی ئەو مێژووە دایان لە پێناو ناساندنی کێشەی رەوای گەلەکەیان هەوڵدانێک بوو بۆ ئەوەی کە ئەو کێشەیە لە بەرچاوی خەڵکی کورد و خەڵکانی دەوروبەر و دنیایش بێ، کارێکی زۆر گرینگ و بە نرخ بووە و کاریگەریی خۆیشی هەبووە. دووبارە لەم یادە گرینگەدا پیرۆزبایی لەسەرجەم دامودەزگاکانی راگەیاندن و راگەیاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم کە ئەوانیش سەرەتای پەرەپێدانی ئەو رۆژنامەگەرییە بوون لە کوردستاندا، هەر لە ساڵەکانی چلەوە تا ئەمرۆ."
دەربارەی پێشانگاکەیش ڕایگەیاند "ئەم جۆرە پێشانگایانە لە بۆنەی ئاوادا دوو واتای دیاریکراوی هەیە، یەکیان هونەرمەندانی ئێمە هونەرەکەی ئاوێتە دەکات لەگەڵ رۆژنامەگەریدا یان رۆژنامەگەریی دێنێتە ناو هونەری کوردی، ئەوەش گرینگیی خۆی هەیە کە ئەم تابلۆیانەی مۆتیڤێکی جوان نیشانی بینەرانی دەدات. ئومیدی بەردەوامی بۆ کاک رزگار فەقێ عەوڵا دەخوازم،
باشتر دەبوو بابەتەکانی کە هەڵی بژرادوون، پەیوەندییان هەبووایە بە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییەوە، چ لە رووی تەحلیلی رۆژنامەگەریی کوردستانی و مێژووی رۆژنامەگەریی کوردستانی، ئەو بابەتانەی لەخۆ بگرتایە، بەڵام لە خۆیدا ئەمە کارێکی گرینگە، بەتایبەتی کە لە رۆژنامەیەکی گەورەی کوردستان کە مێژووەکەی پرە لە خەبات و تێکۆشان، هەر وەک ناوەکەی خۆی ئەوەی هەڵبژاردووە و لە چوار چێوەیەکی هونەریی جواندا پیشانی دەدەت.




