کۆمەڵگایەکی دیپلۆماسی بۆ سەرجەم کۆنسووڵخانەی وڵاتان لە هەولێر دەکرێتەوە

هەولێر- /KDP.infoبەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم ئاماژە دەدات، ڕێژەی هاتنی کۆنسووڵگەریی وڵاتان بۆ کوردستان زیاد دەکات، ئەوەش دەخاتەڕوو کۆمەڵگایەکی دیپلۆماسی لە هەولێر بۆ سەرجەم کۆنسووڵخانەکان دەکرێتەوە.
دوای کردنەوەی بەشێکی زۆری کۆنسووڵگەریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، وڵاتی چینی میللی بە شێوەیەکی فەرمی بڕیاری کردنەوەی کۆنسووڵگەریی خۆی لە هەرێمی کوردستان دا.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا، بۆ KDP.info گوتی: "لە ئاکامی کرانەوەی سیاسەتی هەرێمی کوردستان بە ڕووی جیهاندا، ئەو سیاسەتەی هەرێمی کوردستان پەیڕەوەی دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدا بین لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەموو دونیا، بۆیە لە ئاکامی ئەو هەوڵانە کۆماری چین بڕیاری داوە کۆنسووڵخانە لە کوردستان بکاتەوە، کارە فەرمییەکان تەواو بووە، تەنیا چاوەڕوانی ئەوە دەکەین بە شێوەی کردارەکی ئەو کۆنسووڵخانەیە بکرێتەوە، ئەوەش دەبێتە سەرەتایی پەیوەندییەکی تازە لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چین لە ڕووی سیاسی و ئابووری، کۆمەڵایەتییەوە، ئەوەش ڕێگا خۆش دەکات تێگەیشتنی زیاتر لە نێوان هەردوو وڵات هەبێت".
گوتیشی: "بە کردنەوەی کۆنسووڵخانەی چین 31مین کۆنسووڵخانە دەبێت لە هەرێمی کوردستان".
دەربارەی کردنەوەی کۆمەڵگای دیپلۆماسی کە شوێنێکە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم کۆنسووڵگەکان لە شاری هەولێر فەلاح مستەفا ئەوەی خستەڕوو کە "نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان داوایان کرد کە شوێنێکیان بۆ تەرخان بکات، بە خۆشحاڵییەوە حکوومەتی هەرێم شوێنێکی بۆ تەرخان کردوون، بۆ ئەو وڵاتانەی بە نیازن پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان درێژە پێ بدەن و، ئێمە ئەوە وەکو پابەندبوون لەلایەن ئەوانەوە وەکو ڕێککەوتنێکی ستراتیژی و درێژخایەن لەلایەن ئەوانەوە دەبینین."
کارزان هەورامی




