نێچیرڤان بارزانی بۆ جەماوەری پارتی: حکوومەتی هەرێم پلانی هەیە و جێبەجێیشی دەکات

هەولێر-KDP.info/ نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، "ئێمە ئێستا لەبەردەم دوو بژاردەین، یەکەم خۆڕاگرییە تا چارەکردنی کێشەکان یانیش خۆبەدەستەوەدانی ئیرادەی خەڵکانێک لە بەغدا، هەڵبەت ئێمە چۆک دانادەین و خۆڕاگریی جەماوەر و ئیرادەی سیاسی و پشتیوانیی هاووڵاتیان بە ئاراستەی سەرکەوتنمان دەبات." گوتیشی "حکوومەتی هەرێم پلانی هەیە و جێبەجێیشی دەکات."
لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوانی هەوادار و لایەنگرانی پارتی و خەڵکێکی زۆردا کە لە هەولێر ساز درا، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، "دڵنیاتان دەکەمەوە کە سەربەرزانە لە گرفتی مووچە ڕزگارمان دەبێت. ئەمڕۆیش لەبەردەم دوو بژاردەین، یەکەم خۆڕاگرییە تا چارەکردنی کێشەکان، یانیش خۆبەدەستەوەدانی ئیرادەی خەڵکانێک لە بەغدا، هەڵبەت ئێمە چۆک دانادەین و بە خۆڕاگری و پشتیوانیی جەماوەر و ئیرادەی سیاسی بە ئاراستەی سەرکەوتنمان دەبات."
ئەگەرچی ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ پشتیوانیی کاندیدانی پارتی بوو بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەڵام پرسی کێشە و ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا بەشێکی فراوانی وتارەکەی داگیر کردبوو و پێوەست بەو پرسە، بەڵێنی بە جەماوەری پارتی دا کە حکوومەتی هەرێم پلانی هەیە و جێبەجێیشی دەکات.
زیاتر گوتی، "نامانەوێ ئەزموونی ڕابردوومان لە بەغدا دووبارە ببێتەوە، بەڵکە دەمانەوێت بە هێزی زیاترەوە بچینە بەغدا و داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانمان بین."
ئەو بۆ بەدیهاتنی خواستەکانیش داوای لە جەماوەر کرد و گوتی "دەنگدان بە کاندیدانی پارتی بە واتای نیکتربوونەوەی زیاتر لە دیموکراتییەت، ئاوەدانیی زیاتر، خۆشگوزەرانی زیاتر. دەنگدانی ئێوە بە ئەو کەسانەی کە شونخونییان لە پێناو ئاوەدانی و گەیاندنی خزمەتگوزارییە بە هاووڵاتیانی کوردستان"، جەختیشی کردەوە"دەبێت هەریەک لە ئێمە چەندین دەنگ بۆ پارتی دابین بکەین و کاندیدان دڵنیا بکەینەوە کە بە پشتیوانیی ئێوە دەچن بۆ بەغدا و بەرگریی لە مافەکانتان دەکەن و بە ئێوە پشتئەستوور بن."
لە وتارەکەی ئەمڕۆیدا کە لەبەردەم جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان کار دەکات بۆ دابینکردنی ئایندەیەکی گەشتر بۆ هاووڵاتیانی کوردستان، پەیاممان پەیامی ئاوەدانی و ئاشتی و دیموکراتییە، بەبێ جیاوازیی بیر و بۆچوون و بۆ هەموو هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی."
زیاتر گوتی "پارتی لە سەرەتای خەباتیەوە لە دژی چەوسانەوەی گەلان کاری کردووە، پارتی لە سەرەتاوە پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی هەڵگرتووە و خەباتی کردووە بۆ بەرەوپێشچوونی کوردستان".
گوتیشی: "لەسەر ئەم ڕێبازە پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام دەبێت بۆ پاراستنی دیموکراتی، هەربۆیە لە دوای کابینەی پێنجی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەم هەرێمە بە دەستپێشخەریی پارتی گەشەی کردووە، لەو ڕۆژەدا سوپاسی خەباتگێڕانی گەلی کورد دەکەین، چونکە ئەم دەسکەوتانەی ئێستا بە دەست هاتوون لە ئەنجامی خەبات و بەرخودانی ئەوان بووە، بۆیە لێرەوە سڵاو لەو پێشمەرگە قارەمانانەی ڕابردوو دەکەین. ئێستاش پارتی بەڵێن دووپات دەکاتەوە بەردەوام دەبێت لە خەباتی ڕابردووی ئەوان و گەنجانی ئەمڕۆ قەدری خەباتی ئێوە دەزانن بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانمان، بۆیە قوربانیی ئێمە لە دەسکەوتەکانمان گەورەترە، بەڵام بەردەوام دەبین لە خەبات".
نێچیرڤان بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق و ڕایگەیاند: "پەیوەندیی ئێمە و حکوومەتی عێراق زۆر قۆناغی جۆراوجۆری بینیوە، بە داخەوە چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد کە حکوومەتی عێراق بە ناوی دیموکراتییەتەوە دەست بخاتە قوتی خەڵکەوە و نانیان ببڕێت، ەبڵام سەرباری ئەوەیش کوردستان بەردەوام دەبێت لە پێشکەوتن و ئاوەدانیی خۆی و، دڵنیاتان دەکەینەوە حکوومەتی هەرێم سەر دەکەوێت بەسەر ئەم پیلانەدا و لێی دەرباز دەبین. بیرتان دەهێنینەوە گەلی کوردستان لە ساڵی 1991 ئەم گرفتەمان هەبوو بەڵام خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان وای کرد سەرکەوێت بەسەر ئەم گرفتانەدا".
لە کۆتایی وتارەکەدا داوای کرد لە ڕۆژی دەنگدان هەموو تاکێکی کوردستان بڕوات دەنگی خۆی بدات و لایەنگرانی پارتییش هەموو لەگەڵ خۆیان کەسانی دیکە ببنە سەر سندووقی دەنگدان.
گوتیشی "بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە نامانەوێت ئەزموونی ڕابردوو لەگەڵ بەغدا دووبارە بکەینەوە و دەبێت دەستپێشخەریی پارتی لەسەرتاسەری عێراق ڕەنگ بداتەوە و دەبێت لەسەر ئاستی عێراق ڕۆڵی پارتی هەبێت."
کارزان هەورامی




