چاودێرێکی سیاسیی پارتی: ئێمە دەست لە کاروباری یەکێتی وەرنادەین و خەڵکی ئەوانیش ئازادن لە کوێ کاری سیاسی دەکەن

هەولێر-KDP.info/ چاودێرێکی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەواڵێکی ماڵپەڕی لڤین پرێس بە ناڕاست ناو دەبات و راشیدەگەیەنێت، "ئێمە دەست لە کاروباری یەکێتی وەرنادەین و خەڵکی ئەوانیش ئازادن لە کوێ کاری سیاسی دەکەن."
لەبارەی هەواڵێکی بێبنەما و نادروست کە ئەمڕۆ 22 نیسان ماڵپەڕی لڤین پرێس بڵاوی کردۆتەوە و گوایە هەڤاڵان (کەمال کەرکوکی و ئیمنیکی، کاندێدەکانی یەکێتی ئیغرا دەکەن)، چاودێرێکی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "ئەم هەواڵە دوورە لە راستی و ئەم دوو هەڤاڵە بەرێزەمان سەرپەرشتیی هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیستەکانی پارتیمان بۆ پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کوردستان لە دەڤەری دهۆک و مووسڵ دەکەن، کە بە بەراورد بە شارەکانی دیکە بە شێوەیەکی یاسایی و ئارام و هیمن و دوور لە کێشە بەرێوە دەچێت. بۆ بە رای گشتیش رادەگەینین کە ئەدوو هەڤالەمان دەست لە کاروباری ناوەخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەرنادەن ، هەروەها ئەوان بەرپرسن نین لەوەی کادرەکانی یەکێتی چۆن و لە کوێ درێژە بە کاری سیاسی خۆیان دەدەن."
سەرچاوەکە گوتی: وازهێنانی گۆڕان لە ناو یەکێتی پەیوەندی بە ئێمەوە نەبووە، هەروەها وازهێنانی خەڵک لە دهۆک و کەرکووک و هەولێر و سلێمانی پەیوەندی بە خودی یەکێتییەوە هەیە، نەک ئێمە. ئەوانەی بە ئارەزووی خۆیان دێنە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کارێکی ئاساییە و ئەوانەی دەچنە ناو یەکێتییش خۆیان بەرپرسن."




