٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

عارف تەیفوور: ھەرێم و بەغدا لەبارەی کێشەی نەوت گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا- تایبەت بە KDP.info/ عارف تەیفوور دوالێدوانی حوسێن شەهرستانی دەربارەی نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا پێوەست بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی سەرەتایی پشتڕاست دەکاتەوە و دەشڵێت، بەغدا رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ دروستکردنی لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتیکردنی نەوتی ھەموو عێراق، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی عێراق، عارف تەیفور، بۆ KDP.INFOگوتی: ھەرێم و بەغدا لەبارەی کێشەکانی نێوانیان تایبەت بە پرسی نەوت گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی، بەڵام ھەندێک خاڵی گرینگ ماون و دانوستانیان لەبارەوە دەکەن"، تەیفوور یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی خستە بەر باس ئەویش چۆنیەتیی سەرپەرشتیکردنی فرۆشتنی نەوت و ناردنی بۆ دەرەوەیە، "هەڵبەت بەغدا هێشتا پێداگری دەکات کە پێویستە لە رێگەی سۆمۆوە بێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش داوای کردووە لیژنەیەکی بۆ دروست بکرێت و، هێشتا نەگەیشتووینەتە ھیچ ئەنجامێک."

ئەو ئەندامەی لیژنەی دانوستانکارە، دەربارەی یەکێکی دیکە لە خاڵە ناکۆکەکان گوتی، "ئەوەیە کە پارەکە بگەڕێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان یاخود بانکی ناوەندی، دواتر بگەڕێتەوە بانکی ناوەندی ھەرێمی کوردستان، ئەو خاڵانە تائێستا ناکۆکییان لەسەر ھەیە و بێمتمانەییەک ھەیە لەنێوان ھەردوو لایەن."

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق زیاتر گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشنیازی کردبوو لیژنەیەک دروست بکرێت سەرپەرشتیی ھەموو نەوتی عێراق بکات و ھەڵسەنگاندنی بۆ بکات، لەوە رێککەوتنی سەرەتایی کراوە تەنھا ماوە شوێنەکان دیاری بکەن و رەنگە رەزامەندیی کۆتایی لەسەر دەربڕن، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە.

سەبارەت بەدواھەوڵەکانی لیژنەکەی پەرلەمانیش، تەیفوور گوتی: "لیژنەکەی ئێمە تائاستێک سەرکەوتوو بووە و دواجار کە سەردانی ھەرێمی کوردستانمان کرد و گەڕاینەوە بۆ بەغدا، ھیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەمان نەکردووە، چونکە تا دوای ھەڵبژاردنەکان ناتوانین بگەینە ھیچ رێککەوتنێک و کاری لیژنەکەی ئێمە راگیراوە و دوای ھەڵبژاردن دەست بە گفتوگۆکانمان دەکەینەوە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار