٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان یەکەم راپۆرتی دارایی بڵاو دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info/وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بڵاوكردنەوەی راپۆرتی داراییی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی 2013 رادەگەیەنێت، كە پێكهاتووە لە رێبەرێكی گشتگیر بۆ چالاكییە داراییەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان.
 
ژمارەكانی داهاتەكانی بەرهەمی نەوتی خاو و فرۆشتنی ناوخۆی نەوتی خاو و فرۆشتنی بەرهەمە پاڵێوراوەكان و موڵكانەكان و بڕەپارەكانی بنیاتنانی تواناكان و ئەو شیرینیانەی كە لە كۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتییەكان وەرگیراون بە پێی گرێبەستەكانی بەرهەمهێنانی هاوبەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەخۆ دەگرێت.

لە ڕپۆرتەکەدا هەروەها بە دوورودرێژی خەرجیی چالاكییەكان و خەرجییە گشتییە ناڕاستەوخۆكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و دابینكردنی پارە بۆ ژمارەیەكی بەرچاو لەو پرۆژانەی كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەریەكە لە پارێزگاكانی هەرێمەوە بەڕێوە براون لەخۆ دەگرێت.
راپۆرتەكە هاوکات باس لە كڕینی دیزڵ و نەوت و بەنزین دەكات بۆ بەكارهێنان لە وێستگەكانی كارەبای هەرێم و لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیە ناوخۆییەكان و هەروەها بۆ بەكارهێنان لەناو ماڵاندا.
لەبەر ئەوەی بۆ یەكەم جارە بڵاو دەكرێتەوە، ئەم راپۆرتەی 2013 خشەی گشتگیری دەستكەوتەكان و خەرجییەكانی شەش ساڵی پێشووتریش لەخۆ دەگرێت، بەڵام لە پێناو ئەوەی وێنەیەكی تەواوەتی ببەخشێت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەم زووانە راپۆرتێكی دارایی ساڵانەی جیا بۆ هەر یەك لە ساڵەكانی 2007 و 2012 بڵاو دەكاتەوە.
لە 2007 تاكو 2013، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان 9،714،331،861 دۆلاری وەك سەرجەمی داهات بە دەست هێناوە. سەرجەمی خەرجییەكانی لە هەمان ماوەدا بریتی بووە لە 8،794،110،220 دۆلار. لەم بڕە، پاش تێچوونەكانی پاڵاوتن و گواستنەوە و لایەنی لۆجیستیكی، بڕی 5.85 ملیار دۆلار لە پرۆژەكانی هەرێمی كوردستاندا خەرج كراوە.
ئەو داهاتانەی كە تاكو ئێستا دانراون، كە لە نێو سنووری 17٪ ی مافی هەرێمدان بۆ پاڵاوتنی نەوتی خاو و بەكاربردنی ناوخۆیی، و بەكارهێنراون بۆ دانی پارەی دابینكردنی كارەبا، نەخۆشخانەی نوێ، یەكەكانی دابینكردنی ئاوی پاك، خانووبەرە بۆ قوربانیانی ئەنفال، دروستكردنی قوتابخانە و زانكۆ و رێگاوبان، و بۆ مەبەستی یارمەتیدانی هەمەچەشنكردنی بناغەی ئابووری لە رێی كشتوكاڵ و گەشتوگوزارەوە.
هەروەها راپۆرتەكە تیشك دەخاتە سەر ئەو راستیەی كە بەهۆی ئابڵوقە ئابوورییەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 2007-ەوە كەمتر سوودی لە مافی شایستەی 17٪ ی پاڵاوتنی نەوتی خاو و بەكاربردنی ناوخۆیی عێراق وەرگرتووە. داتاكان پیشانی دەدەن كە هەرێمی كوردستان نزیكەی 98 ملیۆن بەرمیل كەمتری لە مافی شایستەی خۆی بەكارهێناوە.
ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتیەكان دەڵێ "بڵاوكردنەوەی راپۆرتی دارایی ساڵانە تیشكی خستووەتە سەر كارە گرنگەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كە بەشدار بوون لە بەهێزكردنی خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵكی هەرێمی كوردستاندا."
گوتیشی "لەو كاتەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 2007-دا یاسای نەوت وغازی تێپەڕاندووە، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان سەرۆكایەتیی گەشەی ناوازەی پیشەسازی نەوت و غازی لە هەرێمدا كردووە، كە بووەتە مایەی بەرهەمهێنانی ملیارەها دۆلار و سوودی گەیاندووە بە هەموو هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی بەشەكانی تری عێراق."

 

هەواڵی پەیوەندیدار