٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: بنبڕکردنی كێشەی ئەمنی، وابەستەی چارەکردنی قەیرانی سیاسیی عێراقە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info/ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، لە پێشوازیی شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند، بارودۆخی ئەمنیی عێراق گەییشتووەتە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار. باوەڕیشی وایە، سەرچاوەی بوونی كێشەی ئەمنی دەگەڕێتەوە بۆ كەڵەكەبوونی گرفتە سیاسییەكانی عێراق و كێشەی ئەمنی كاتێك بە تەواوەتی بنبڕ دەبێت كە قەیرانی سیاسیی عێراق چارە بكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی 4ـی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی، پێشوازی لە ژەنەڕاڵ بێدنارك بەرپرسی نووسینگەی هاریكاریی ئاساییشی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە كۆنسووڵی ئەمەریكا لە شاری هەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سەربازیی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا پێكهاتبوون.

لە دیدارێكدا سەرەتا ژەنەڕاڵ بێدنارك سوپاس و خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و كورتەیەكی لەو پلانە ئەمنی و سەربازییانە خستەڕوو كە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە عێراقدا گیراوەتەبەر. بەرپرسی نووسینگەی هاریكاریی ئاساییشی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا نیگەرانیی خۆی نیشان دا لە زیادبوونی كردە تیرۆریستییەكان و فراوانبوونی هێزی تیرۆریستان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان ئاماژەی بەوەدا كە بارودۆخی ئەمنیی عێراق گەییشتووەتە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار و هیوای خواست كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ببێتە هۆی ئەوەی كۆتایی بە گرفتە ئەمنییەكانی عێراق بهێنێت، چونكە سەرچاوەی بوونی كێشەی ئەمنی دەگەڕێتەوە بۆ كەڵەكەبوونی گرفتە سیاسییەكانی عێراق و كێشەی ئەمنی كاتێك بە تەواوەتی بنبڕ دەبێت كە قەیرانی سیاسیی عێراق چارە بكرێت.

هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كرا و قسەیش لەبارەی ئەو ڕێگەچارەیانە كرا كە بۆ باشتربوونی دۆخی ئەمنیی عێراق پێویستە.

هەواڵی پەیوەندیدار